Zana Natık Kerem
13 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2017
بەغدا ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەسەر داوای فەرمی حكوومەتی ئیمارات بەرەو ئەو وڵاتە بەرێكەوت.
لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەدردا هاتووە كە ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەر داوایی فەرمی حکوومەتی ئیمارات، موقتەدا سەدر بەرەو ئەو وڵاتە بەرێكەوت.
لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوەش دراوە كە حكوومەتی ئیمارات فڕۆكەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی موقتەدا سەدر بگەیەنێتە ئەو وڵاتە و دواتر بیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.
لە بەیاننامەكەدا ناوەڕۆك و ماوەی سەردانەكەی موقتەدا سەدر بۆ ئیمارات ئاشكرا نەكراوە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە لەم سەردانەیدا بۆ ئیمارات، موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی شاندێك دەكات كە ژمارەیەك لە سەركردەكانی رەوتی سەدر لە خۆدەگرێت.
ئەم سەردانەی موقتەدا سەدر بۆ ئیمارات دوای كەمتر لە دوو هەفتە لەو سەردانە دێت كە ناوبراو بۆ سعوودیە ئەنجامی دا.