Rewan Suphi
25 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2016
ھونەرمەندی ناوداری کورد، دڵشاد محەمەد سەعید رایگەیاند پرۆژەی دروستکردنی ئەکادیمیای میوزیکی کوردی پێشکەش بە پارێزگای دھۆک کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئاماژەشی بەوە کرد کە تا ئەکادیمیای میوزیکیان نەبێت ناتوانین ببینە خاوەن ئۆکێسترایەکی نیشتمانیی کوردی.
ھونەرمەندی میوزیکژەن، دڵشاد محەمەد سەعید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەیەکی زۆرە خولیای ئەوەی هەیە لە رێگای پڕۆژەی ئەکادیمیی و زانستییەوە خزمەت بە میوزیکی کوردی بکات و گوتی: "چەندین ساڵە پرۆژەیەکم پێشکەش بە پارێزگای دهۆک کردووە سەبارەت بە دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی میوزیکی کوردی، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ھەر چەندە پارێزگاری پێشووی دهۆک پارچەیەک زەوی بۆمان دابین کرد بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنەکەمان لەسەر ئەو زەوییە بۆ درووست نەکراوە".
هونەرمەند دڵشاد محەمەد سەعید نزیکەی ٢٣ ساڵە لە شاری لینسی وڵاتی نەمسا نیشتەجێیە و قوتابی دکتۆرایە لە بواری میوزیک و رایدەگەیەنێت ئەگەر شوێنێک فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەکادیمیایی میوزیکی کوردی تێیدا بکرێتەوە ئەوا ئامادەم بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا، ئەگەر باڵەخانەی ئەکادیمیای میوزیکی کوردی تەواو بکرێت ئەوا ئامادەم بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی ئەکادیمیی قوتابییان فێری میوزیکی کوردی بکەم".
ئەو هونەرمەندە باسی لەوەیش کرد کە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەتوانێت مامۆستایانی بیانی بهێنێتە ئەکادیمیایی میوزیک تاوەکو قوتابییەکان پێدەگەن و لەمبارەیەوە گوتی: "مەرج نییە هەر کەس بزانێت ئامێرێکی میوزیک بژەنێت ببێتە مامۆستا، بۆیە پێویستە سەرەتا هەندێک لە مامۆستایانی پسپۆرو شارەزا لە دەرەوەی وڵات بهێنین تاوەکو قوتابییان دەگەنە ئەو ئاستەی کە بتوانن ببن بە مامۆستا".
دڵشاد محەمەد سەعید باسی بەرھەمەکانی سەمفۆنیا و گۆرانی پێشمەرگە و شنگالی کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا کارێکی وا گەورەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدیووە، ئێمە ئەو کارەمان لە ستۆدیۆکانی ئەورووپا بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆکێسترای نیشتمانی کۆماری چیک ئەنجام دا کە 130 ھونەرمەندی کۆڕاڵ بەشداربوون لەو ژمارەیەش ١٣ ھونەرمەندی ناسراوی بەشەکانی کوردستانی بەشدار بوون".
هونەرمەند دڵشاد محەمەد سەعید باسی لە تێکچوونی پەیوەندی نێوان خۆی و ھونەرمەند شڤان پەروەر کرد و هۆکارەکەشی بۆ دەستکاریکردنی بەرهەمێک گەڕاندەوە کە لە ساڵی 1995 بۆ هونەرمەند شڤان پەروەری ئامادەکردبوو کە ئەو تێکچوونەش ماوەی چوار ساڵی خایاند و لە ساڵی 1999 بەهۆی ئەنجامدانی کارێکی هاوبەشی نێوانییان، پەیوەندییەکانییان ئاسایی بووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ساڵی ١٩٩٥ لە سەر داوای شڤان پەروەر ئەلبومێکم ئامادە کرد کە کارێکی میوزیکی کلاسیکی ئەورووپایی بوو، بەڵام کە شڤان پەروەر بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە چوو بۆ تورکیا، لەوێ هەمان کاری منییان بە ستایلێکی رۆژهەڵاتیی تۆمارکردەوە و ناوی منییان لە ئەلبوومەکە دەرهێنا و ئەوەیش بووەهۆی تێکچوونی پەیوەندی نێوان من و شڤان پەروەر، بەڵام دوای چوار ساڵ و لە ساڵی 1999 ئەلبوومێکی دیکەم بۆ هونەرمەند شڤان پەروەر درووست کرد و ئەمەش پێشوازییەکی باشی لێکرا".
سەبارەت بەوەی کە خوێندنی میوزیک چ گرنگی بۆ ئەو هونەرمەندە هەبووە، دڵشاد محەمەد سەعید گوتی: "دەمویست بە شێوەیەکی ئەکادیمیی میوزیک بخوێنم و سەمفۆنیا بنووسم کە پێشتر ئەو توانایەم نەبوو ئەگەرچی پێشووتریش کارم لەسەر سەمفۆنیا کردبوو. بە خوێندنی میوزیک مرۆڤ باشتر دەبێتە کەسێکی ئەکادیمیی، لێرە دەمەوێت شتێک بۆ مێژوو بڵێم ئەوەیش ئەوەیە لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ ساڵی ١٩٨٩ کە چوومە بەریتانیا بۆ خوێندنی میوزیک، سەرەتا کە میوزیکێکی ھونەرمەندی کۆچکردوو ئەیاز زاخۆیی بە ناوی "چوخێ منو" کە بەرھەمی من بوو پێشکەش کرد، سەرسام بوون و پێیانگوتم تۆ کەسێکی شارەزایی و پێویستت بە خوێندن نییە، کە خوێندنەکەم تەواوکرد داوایان لێکردم بڕۆم لە ئیرلەندا وانە بڵێمەوە، بەڵام داواکارییەکەیانم رەتکردەوە و گەڕامەوە هەرێمی کوردستان و توانیم لە تیپی میوزیکی دهۆک خزمەتێکی زۆر بەو بوارە بکەم و هەر ئەوەیش بووە هۆکار کە لە فێستیڤاڵی ساڵی 1989، تیپی میوزیکی دهۆک بە پلەی یەکەم دەرچوو لەسەر ئاستیی عێراق".
دڵشاد محەمەد سعید لە ساڵی 1958 لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە و بە ژەنینی ئامێری کەمان دەستی بە هونەر کردووە و لە ناوەراستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو کەسێکی دیاری بواری هونەری کوردی بوو، بەشداری چەندین فێستیڤاڵ و پێشبڕكێیە هونەرییەکانی کردووە و ئێستاش قوتابی دکتۆرایە لە بواری میوزیک لە وڵاتی نەمسا.