سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی، ئەدهەم بارزانی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ئێستای حزبەكەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەرنامە و پلانەكانی بۆ پێشخستنی پارتی، دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، بەردەوامیی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان، مەترسی دۆخی ناوچەكە لەسەر هەرێم، پرسی پارێزگاری سلێمانی و نیگەرانییەكانی پارتی لە ئیدارەی سنورەكە، هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێم و چەند پرسێكی تر دەكات.
ئەدهەم بارزانی بە لە سێ مانگ بەبڕیاری حزبەكەی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجەی دەستبەكاربوو، لەسەرەتاشەوە رایگەیاند كە پلانی تایبەتی بۆ پێشخستنی كاروبار و ئاستی جەماوەریی حزبەكەی لەناوچەكە و ئاشتەوایی لایەنە سیاسییەكان هەیە.
لەبارەی جێبەجێكردنی پلان و كارەكانی لە دوای دەستبەكاربوونی، ئەدهەم بارزانی گوتی:" ئەم ماوەیە بۆ من ماوەیەكی كەمە و پێویستم بە ماوەیەكی دوو بەرامبەر و زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بابەتەكانی ئەم سنوورەمان بە تایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید زیاتر بۆ روون بێتەوە، بتوانین ئەگەر بڕیارێكمان دا بۆ چارەسەركردنی هەندێك لە گرفتەكان چ لە بواری رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان چ كێشەكانی جەماوەر و خەڵكی ئەم دەڤەرە بێت، هەر بڕیارێك کە دەیدەین بڕیارێكی دروست بێت و هیچ هەڵەیەك نەبێت، تا ئێستا ئیحتیاتێكی گەورەمان كردووە كە ئەوەش كارێكی پێویستە و لە پێویستییەكانی ئێستای ئەم دەڤەرەیە، چونكە ناكرێت لە كاركردندا هەڵەیەك رووبدات، كە هەر هەڵەیەك بە بەهایەكی گەورە تەواو دەبێت".
گوتیشی:" لە بابەتی رێكخستنەكانی پارتی بەراشكاوانە دەڵێم پارتی لەم سنوورە لە پێشكەوتندایە و رێكخستنەكانی پارتی لە بەهێزبوونێكی بەرچاودایە ، ئەركی دووەمی سەرشانی من بریتییە لە رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد و زۆر مەبەستمە ئێمەی كورد وەك حزب و لایەنە سیاسییەكان هەمیشە بتوانین بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا پێكەوە كارێكی جدی بكەین، بەسەر كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەمماندا زاڵ بین و ئەم قۆناغانە تێپەڕێنین بۆ قۆناغێكی دیکەی پێكەوە كاركردن و بەرەوپێشبردنی دۆزی رەوای میللەتەكەمان، چونكە كورد لەسەر ئاستی جیهان لە پێگەیەكی بەهێزدایە و لە شوێنێكی بڵندی جوگرافیای سیاسی دونیادا شوێنی خۆی کردووەتەوە، بەتایبەتی پاش ئەو قارەمانێتییەی پێشمەرگەكانی كوردستان لەبەرەكانی شەڕ دژ بە تیرۆریستانی داعش نواندیان".
بارزانی بە گەشبینییەوە باس لە پێشكەوتنی رێكخستن و جەماوەری حزبەكەی لە ناوچەكە دەكات و دەڵێت:" هەر رێكخستنێك مەبەستییەتی پێگەی خۆی لەناو جەماوەردا بەهێزبكات و ئەگەر هەر رێكخستنێك جەماوەری لێ جیابكەیتەوە چەند بەهێزبێت هێزی نامێنێت و ئەگەر بشمێنێت هێزێكی دیاریكراوە ، بە داخەوە لەم سنوورەدا زۆر بابەتم بۆ روون بووەتەوە كە هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ ئەوەی هەمیشە پارتی سنوورداربكرێت و لە هەندێك شوێنی تەسك و بچوكدا قەتیس بكرێتەوە، نەهێڵن پارتی دەربكەوێت بۆ ناو جەماوەر''.
''بەڵام ئەوەی ئێستا خەریكین و دەبینین، لەهەمانكاتدا سوپاسگوزاریشین كە بە چ شێوەیەک خەڵک سەردانی رێكخستنەكانی پارتی دەكەن، چۆن بارەگاكانی پارتی ژیانەوەو هەستانەوەیەكی نوێ بەخۆوە دەبینن، چۆن رۆژانە سەدان كەس بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان، بابەتەكانی دیکە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان دووبارە لەگەڵ پارتی لەسەرتاسەری ئەم سنوورە زۆر بەرچاودەكەوێت، ئومێدی گەورەم بە جەماوەری ئەم دەڤەرە هەیە كە لە مێژە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە".
سلێمانی زیاتر بە جێگەی نفوزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دادەنرێت و ماوەی ساڵێكیشە پارتی لە ناكۆكی سیاسی قوڵدایە لەگەڵ گۆڕاندا، سەبارەت بەهەوڵەکانیان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیی و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا، ئەدهەم بارزانی گوتی:" لە هەوڵی جدیدام و بەردەوامم بۆ پەیوەندیی و دانیشتن لەگەڵ زۆر لایەنی دیکەدا، لەسەرەتاشدا تەمەنام دەكرد، یەكەم لێدوانی دوای دەستبەكاربونیشم باسم لەوە كرد كە ئامادەی دانیشتنین لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و پێمان خۆشە ئەو دانیشتنە ببێت، بەڵام بەداخەوە لەوەڵامدا گۆڕان رایانگەیاند كە ئامادەی دانیشتن نین، ئێمە وەك پارتی زۆر لەوە گەورەترین كە لێدوانێكی وا كاریگەری لەسەر بۆچونمان درووستبكات. میللەتی كورد، بابەتە گەورەكان و بەرژەوەندی باڵای ئەم میللەتە ئەوە دەخوازێت كە هەمومان پێَكەوە دەست لەناو دەستی یەك بەرەو ئەو ئامانجە بەرزانەی كورد بۆی دەچێت بڕۆین".
ئەو هەروەها گوتی:" خوازیارم دەرگاكان لەسەر دەستپێشخەرییەكانی پارتی دانەخرێت، ئەگەر دەرگاكان داخران من پێم وانییە و سروشتیشە كە میللەتێك زیان دەكات، زیان بەر هەموو میللەتەکە دەكەوێت، بەمشێوەیە رەفتاركردن لەگەڵ دەستپێشخەرییەكانی جەنابی سەرۆك بەهیچ شێوەیەك كارێكی ئاقڵانەی سیاسیی نییە، پێم وایە دەبێت جەماوەری خودی ئەم لایەنە سیاسییانە ئەوە لە سەركردەكانیان قبوڵ نەكەن، هەر دەستپێشخەرییەك كە دێتە پێشەوە، لە پێشدا ئێمە ئامادە نین و دانانیشین و مەرجمان هەیە، دەبێت ئەوە بكرێت و دەبێت وابێت یان بەوشێوەیەی دیکە بێت ، ئەگەر نا ئێمە ئەو دەستپێشخەرییەمان قبوڵ نییە''.
''بۆچی دەتوانن لەگەڵ هەموو دنیا و دوژمنان و دەوڵەتان دابنیشین كاتێك داوا لە ئێمە دەكات، بەڵام ئێمەی كورد نەتوانین لەگەڵ خودی خۆمان دابنیشین و كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، كێشە چەند گەورە بێت و شەڕ چەند بەردەوام بێت لەكۆتاییدا ئەنجام ئەوەیە دەبێت لەسەر مێزێك هەموومان دابنیشین و ئەزمونی شەڕیشمان بینیوە لەم وڵاتەدا".
بەرپرسە باڵاكەی پارتی لە سلێمانی باسی لە مەترسی و دەرەنجامەكانی بەردەوامیی ئەو دۆخە كرد و گوتی: "وەك رای تایبەتی خۆم لەوە دەترسم كە ئێستا ئێمە لە قۆناغێكدا بین كۆتایی دەستپێشخەرییەكان بێت، نەوەك دەستپێكی دەستپێشخەرییەكان، ئەوە چەندین دەستپێشخەری دەكرێت، هەركات گەیشتینە ئەم قۆناغە ئەوە كۆتا دەستپێشخەرییە و ئیتر دەستپێشخەری دیکە بوونی نییە، لێرەدا من بە مەترسییەكی گەورە لەسەر بارودۆخی كوردستان دەبینم و ئومێدەوارم هەموومان پێكەوە تێبگەین ئێمە لە چ قۆناغێكدا دەژین".
ئەوەشی گوت: "هەركات شێواز و باڵانسی سیاسی لە وڵاتێك یان شوێنێك تێكچوو، ئەوەی پێشبینی دەكرێت دوور نابێت، بۆیە ئومێد دەكەم ئەو باڵانسە بۆ نێو سیاسەتی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەكان بگەڕێتەوە و بیرمەندانەتر لەسەر بابەتەكان بیر بكەینەوە".
لە بەشێكی تری دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵودا و لە بارەی هەڵوێستی پارتی لە پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی و دواكەوتنی كۆبونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە كە پارتی بە سێ ئەندام بەشدارە تێیدا، ئەدهەم بارزانی گوتی:"ئێمە پەیوەست نین بە دانانی پارێزگاری نوێی سلێمانی، ئەم سنوورە بە سنووری هەموو لایەنە سیاسییەكان دەزانین و هیچ بەشێكی كوردستان بە زۆنی لایەنێكی سیاسی نازانین، ئەوەی كرا لێرە و ئاڵوگۆڕ لە پۆستەكان لە نێوان دوو حزبدا دەكرێت و سودی بۆ جەماوەری دەڤەرەكەش نابێت و رەنگە هیچ شتێك لە هاوكێشەی ئەم خەڵكە گۆڕانكاری بەسەر نەیەت ، بەپێچەوانەوە ئەمە گەمەیەكی سیاسییە لەدابەشكردنی پلەو پایە بەسەر خۆیاندا بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی ئەو خەڵكە لەبەرچاو بگیرێت" .
ئەو باس لە پەراوێزخستنی ئەندامانی حزبەكەی لە فەرمانگەكانی سنوورەكە و نیگەرانیی و بێزاریی پارتی دەكات و دەڵێت:" گلەیی ئەوە لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دەكەین كە پارتییەكان وەك پێویست رەفتاریان لەگەڵ نەكراوە و چەندین بابەتم لەسەر ئەوە لەبەردەستە، رێز بۆ پێگە و شوێنی ئیداری و وەزیفی ئەوان نەگیراوە و زۆرجار بێزاركراون و وا رەفتاریان لەگەڵ كراوە تا بێزار بن، لە فەرمانگەكان دەرپەڕێنراون یان ناچار بە گواستنەوە بۆ هەولێر كراون، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتە ناتوانین تا كۆتایی بێدەنگ بین و دەبێت وەڵامت هەبێت بۆ ئەم بابەتانە" .
لە بەشێكی تردا و سەبارەت بە هەڵوێستی ئەدهەم بارزانی وەك خەباتكار و سیاسییەكی دیاری كوردستان لە بارەی كودەتا شكستخواردووەکەی توركیا و كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان، بارزانی گوتی:" ئومێدەوارم كاریگەری ئەو كودەتایە لەسەر خودی توركیاش كۆتاییبێت، چونكە گۆڕینی هەر سیستمێك لە رێگەی كودەتا و چەك و عەسكەرتارییەتەوە بەدرێژایی مێژوو سوودی بۆ هیچ وڵاتێك نەبووە، بۆ توركیاش سودی نابێت، وەك كەسێكی ئازادیش بەسەرنەكەوتنی ئەو كودەتایە دڵخۆشم كە ئیرادەی چەك بەسەر ئیرادەی سندوقی دەنگدان سەرنەكەوت.
بۆ ئەوانەی خۆیان بە ئازاد و دیموكراتخواز دەزانن لەم بەشەی كوردستان و هەر بەشێكی تری دنیا، سەرنەكەوتنی ئەم كودەتایە بە خاڵێكی ئیجابی دەزانم و كاریگەرییەكەشی بۆ سەر دۆخی سیاسی و ئابوری ئەم ناوچەیە باش بووە".
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و مامەڵەی هەدەپە لەگەڵ دۆخی توركیا و پڕۆسەی ئاشتی، ئەدهەم بارزانی رایگەیاند: " چارەیەك نییە بەبێ ئەوەی هەموو لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ ، لەلایەن پەكەكەشەوە بەیانێك دراوە كە دەڵێن ئامادەین بۆ دیالۆگ و جێبەجێكردنی ئاشتی كە ئەوە مەنتقی عەقڵ و ئەم سەردەمەیە كە تێیدا دەژین و پێویستمان بە دیالۆگ هەیە، خودی حكومەتی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەماوەی چەند ساڵی رابردوو كە لەوانەیە لە بواری سیاسیشدا گورزی گەورەیان خواردبێت كە تەحەمولی پڕۆسەی ئاشتییان كرد لە توركیا و پرۆسەی ئاشتی لە ئارادا بوو، لە هەردوولاش كەسانێك هەیە حەز ناكەن ئاشتی بەرقەرار بێت و بەرژەوەندییەكانیان لەوەدایە لە ئاوێكی لێڵدا بتوانن راو بكەن .
هیوادارین پڕۆسەی ئاشتی یەكێك لە ئەركەكانی خودی سەرۆك (مەسعود بارزانی كە بەسەردانێك لە توركیایە) بێت كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز مام جەلالیش رۆڵیان هەبووە لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، چارەسەر نییە و كێشەی كوردیش دەبێت بەپێی خواست و ویستی كوردی باكوور چارەسەر بكرێت، ئەگەر نا قەیرانەكە لەبەردەوامیدا دەبێت".
بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنە لە رۆڵی هەدەپە و سیاسییە كوردەكانی توركیا دەگرێت كە بە بەرپرسیارێتی مامەڵەیان نەكردووەو گوتی:" سیاسییەكانی باكووری كوردستان بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكە نەكردووە و توشی هەڵەی گەورە بوون و لە ئاست بەرپرسیارێتی گەورەی ئەم دۆزە هەڵسوكەوتیان نەكردووە".
news_share_descriptionsubscription_contact



