Dilşad Seyfeddin Ahmet
07 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2016
سلێمانی
كەركووك جیاواز لە شارەكانی تری عێراق و هەرێمی كوردستان بە بوونی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی جیاواز دەناسرێتەوە و لە مێژەوە كورد و عەرەب و توركمان، مسوڵمان ( سوننە ، شیعە) و كریستیان و كاكەیی لەو شارەدا پێكەوە دەژین.
جەژن لە شارەكەدا گەرموگوڕی زیاتری هەیە و پەیوەندی و پێكەوە ژیانی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان گەرمتر دەكاتەوە، وەك خۆیان دەڵێن جیاواز لە سیاسییەكان دەژین و پەیوەندییەكانی نێوانیان زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن.
لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵیشدا هەمووان پێكەوە جەژنیان كرد و دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن ، كورد و عەرەب و توركمانەكانی شارەكە سەردانی یەكتریان كرد و پێكەوە جەژنەكەیان پیرۆزتر كرد.
شێخ ئەحمەد مامۆستایەكی ئایینی عەرەبی سوننەی شاری كەركووكە، ئەو لە بارەی پەیوەندی و دۆستایەتی دانیشتووانی شارەكەوە دواو دوای پیرۆزبایی كردنی جەژن لە تەواوی دانیشتووانی شارەكە و عێراق و جیهان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم ناوچەیەی ئێمە كورد و عەرەب و توركمانی تێدایە و سوپاس بۆ خودا وەك ماڵباتێك دەژین، ئەگەر یەكێك پێداویستییەكی هەبێت هەمووان ئامادە دەبن و پێداویستییەكەی بۆ جێبەجێ دەكەن".
ئەو مامۆستا ئایینیە هەروەها گوتی: "ئێمە زۆر پێچەوانەی سیاسییەكانین ئەوانەی تەنها بۆ دووبەرەكی و دورەپەرێزی هاتنەوە وڵاتەكە، ئەم گەڕەكە ئاماژەیەكە بۆ عێراق و هیچ جیاوازییەكمان نییە و هەموو پێكەوە وەك ماڵباتێك دەژین".
عەلی نوری گەنجێكی تری توركمانی دانیشتووی كەركووكە، ئەم گەنجەش جەخت دەكاتەوە لەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە بە كورد و توركمان و عەرەب و مسوڵمان و مەسیحییەوە وەك برا دەژین و جیاوازییان نییە لە رۆژانی جەژنیشدا هەمووان سەردانی یەكتر دەكەن و پیرۆزبایی جەژن لە یەكتر دەكەن.
عەلی عاسی گەنجێكی توركمانی شیعەی دانیشتووی شاری كەركووكە، ئەو لە یەكێك لە هێزە كوردییەكان پێشمەرگەیە و لە بەرەكانی كەركووك دژی داعش دەجەنگێت، باس لەوەیش دەكات داعش ناتوانێت ئامانجەكانی خۆی بەدی بهێنێت بۆ تێكدانی پەیوەندی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە.
عەونی ئیسماعیل پیاوێكی كوردی دانیشتووی شارەكەیە و بە جلوبەگی كوردییەوە سەرقاڵی پێشوازی كردن و بەڕێكردنی میوانەكانی جەژن بوو لە كورد و عەرەب و توركمانی گەڕەكەكەی، ئەو هاووڵاتییە كوردەش بە هەمان شێوە باسی لە برایەتی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە كرد و گوتی: " لە جەژندا هیچ جیاوازییەك ناكەین و هەمووان دەچینە ماڵی یەكتر و سەردان و هاتوچۆی یەكتر دەكەین".