Abdullah Shukur
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
کەرکووک
ھێزەکانی ئەمنی ٣٠٩ گومانلێکراوی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە شاری کەرکووک دەستگیر کرد.
بەرێوەبەری پۆلیسی کەرکووک عەقید خەتاب عومەر، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمڕۆ بەیانی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی ئەمنی بۆ سەر گەڕەکەکانی واست، ١ی حوزەیران، دۆمیز، عەدەلە و عەدەن، ٣٠٩ گومانلێکراوی داعش دەستگیر کراون کە ٢٤یان داواکراو بوون.
عومەر ئاشکراشی کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ سەر شانە نووستوەکانی داعش ئەنجامدراوە و تیایدا پێنج ھەزار ئەندامی ھێزی ئەمنی بەشداری کردووە. گوتیشی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر چەکی سووک، بۆمبی دەستی و کەلوپەلی سەربازیی داگیراوە. ھاوکات لە کۆی ٣٠٩ کەس ٨٧یان ئازادکراون و لێکۆڵینەوەش لە دەستگیرکراوەکانی دیکە بەردەوامە".
لە لایەکی دیکەش بەرێوەبەری پۆلیسی شارۆچکە و ناحییەکانی کەرکووک عەقید سەرحەد قادر رایگەیاند کە راکردنی خەڵکی سڤیل لە شارۆچکەی حەویجەی ژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەردەوامە.
گوتیشی: "لە نێو گرووپێکی ١٠٠ کەسی کە ویستویانە لە داعش ھەڵبێن و پەنا ببەن بۆ پێشمەرگە، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە نزیک شارۆچکەی داقوق پێی نایە مینێکی چێنراوی داعش و بەم ھۆیەش گیانی لەدەستداوە".