Salim Xemexan
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
ھەڵەبجە
وتەبێژی فێستیڤاڵی نامی بۆقورئانی پیرۆز، شێخ ئیبراھیم نێرگزەجاڕی لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "بۆ بەرزراگرتنی قورئانی پیرۆز و گرنگیدان بەتوانا و بەھرەی قورئانخوێنان، ھەردوو رێکخراوی رووناکی و دارولبەیان، کە دەزگای رووناکی رێکخراوێکی کوردی و دارولبەیان رێکخراوێکی عێراقیە ھەستاوین بەسازدانی ئەم فێستیڤاڵە و تیایدا لەکۆی ھەشتا و پێنج قورئان خوێن لەناوچەکانی سنووری ھەڵەبجە و شارەزوور و ھەورامان بەچەند قۆناغێک حەوت قورئانخوێن بۆقۆناغی کۆتایی پاڵێوراون و لەم فێستیڤاڵەدا تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەنجام دەدەن".
گوتیشی: "ھەڵبژاردنی ناوی نامی بۆ فێستیڤاڵەکەمان گرنگیدانە بە زانای ناودار و موفەسیری قورئانی ناوچەی ھەڵەبجە و ھەورامان مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس کە نامی نازناوی بەڕێزیانە و ھاوکات ناوی یەکێکە لەموفەسیرە بەناوبانگەکانی کوردستان، دەمانەوێت لەپاڵ ناوی نامیدا ھەوڵی بەرزراگرتنی توانا و لێھاتووی مامۆستایانی تری موفەسیر و بانگخوازی شارەکەمان بدەین، تا ناویان بەزیندوویی بمێنێتەوە".
وتەبێژی فێستیڤاڵەکە ھەروەھا گوتی: "لەم فێستیڤاڵەدا رێز لە ژمارەیەک لەمامۆستا و زانای ئاینی دەنرێت، وەکو بەتەمەنترین مامۆستای ئایینی شارەکە، خاوەنی تەفسیری قورئانی پیرۆز بەزاراوەی ھەورامیی و لەکۆتایی فێستیڤاڵیشدا خاوەنی پلەی یەکەمی پێشبڕکێی خوێندنەوەی قورئان بە گەشتێکی عەمرە بۆمەککە خەڵات دەکرێت، لەگەڵ خەڵاتکردنی شەش بەشداربووەکەی تر".
نێرگزەجاڕی روونیشی کردەوە، کە "لەدوا پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا کە ئەمڕۆیە بەشداربووان بەھەردوو شێوەی تیلاوە و تەرتیل قورئان دەخوێنن و لیژنەی ھەڵسەنگاندن بڕیار لەسەر ئاستیان دەدەن".
وتەبێژی فێستیڤاڵی نامی بۆقورئانی پیرۆز، شێخ ئیبراھیم نێرگزەجاڕی لە کۆتایید گوتی: "ھەوڵ دەدەین ساڵانی داھاتوو ئاستی فێستیڤاڵەکە بەرزبکەینەوە و بیکەینە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بۆ قورئانی پیرۆز و قۆناغی ناوچەیی تێپەڕێنین".