Hemn Baban
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
رووپێوییەكە ئەو كچ و ژنانە دەگرێتەوە كە تەمەنییان لە چوار ساڵییەوە دەست پێدەكات تا 30 ساڵی.
ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی هەرێمی كوردستان و رێكخراوی یونیسێفی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی هارتلاند ئەلاینسی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ بەهەماهەنگی چەند رێكخراوێكی نێوخۆیی رووپێویكییان لەسەر دیاردەی خەتەنەكردنی مێینە ئەنجامداوە و وابڕیارە ئەنجامەكەی لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی داهاتوودا رابگەیەنرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی هەرێمی كوردستان ئەمەل جەلال لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیاردەی خەتەنەكردنی مێینە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو، واتە لە پاش حەفتاكان و هەشتاكاندا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە، ئەوەیش مەترسی لەبارەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و بارەكانی پەیوەست بە رەگەزی مێینە درووست كردبوو، بۆ ئەو مەبەستە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی رێكخراوەكانی ژنان و رێكخراوەكانی دیكە و تایبەتی تریش رێكخراوی وادی ئەڵمانی زۆر كاری لەسەر ئەوە كرد، جگە لە یەكێتی ژنان و یەكێتی ئافرەتان رووپێوی جیاجیان كرد، لێرە و لەوێ هەندێك لە ژمارەكان ناڕاست بوون، هەندێك لە ژمارەكان زیاد لەقەبارەی خۆیان گەورەكرا بوون، هەندێك لە داتاكانیش بەدروستی بڵاودەكرانەوە،هەڵبەت لەرووی تەندروستییەوە دروستە، لەبەر ئەوەی زیانی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و یاسایی هەیە".
گوتیشی: "وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم لە ساڵانی رابردوو رووپێوێكی كرد و ئەوەی دەرخست كە دیاردەكە بەرەو كەمبوونەوە چووە، بەڵام لێرە و لەوێ جارێكی دیكە رێكخراوەكان رووپێویان كردەوە و لەرێگەی ریپۆرتی نێودەوڵەتییەوە هەمیشە رەخنەیەكی توند لە دامودەزگاكانی هەرێم دەگیران كە لەبەر ئەوەی دیاردەكە ترسناكە و هەیە".
ئەمەل جەلال روونیشی كردەوە "بۆیە ئێمە لە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لەگەڵ رێكخراوی یونیسێف و رێكخراوی هارتلاند ئەلاینس و لەرێگەی رێكخراوەكانیناحكوومی نێوخۆی هەرێمی كوردستان لەسەر هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم رووپێویییەكمان ئەنجامداوە، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو رای بگەیەنین، بەپێی ئەو داتایانە رێژەكە دابەزیوە، ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵی بوو و سووربووین لەسەری ئەوەیە ئەو رووپێوییە جیاوازبێت، بەوەی رووپێوییەكانی پێشتر هەموو تەمەنەكانی تێدابووە، بەڵام ئێمە لە رووپێوییەكەدا ئەوانەمان وەرگرتووە كە لەدایكبووی دوای 1991 و تا ئێستا بزانیین لەو قۆناغ و تەمەنە چەند رووبەڕووی خەتەنەكردن بوونەتەوە، مەترسییەكان و هۆكارەكانی و ناوچەكان هەروەها لە هەموو ناوچەكانی كوردستان و لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی 2016 رایدەگەیەنین بۆ ئەوەی بگەین بە داتای گرنگ و دانانی رێگەچارە و كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە بۆ ئەو ئاستەی كە هەستی پێ نەكرێت".
ئەو بەرپرسە لە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "زۆرجار هەیە هەندێك وا تێدەگەن كە دیارەدەكە تەنها لە گوندەكان هەیە، ئەو دیاردەیە هەندێكجار بەرگی ئایینی بەسەردا دەگرێت و هەندێكجار خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەكانیش دەیكەن، بۆیە ئێمە رووپێوێكی گشتگیرمان كردووە بۆ تەمەنی لە چوار ساڵ بەسەرەوە تا نزیك لە 30 ساڵ بۆ ئەوەی بزانیین تاچەند رووبەڕووی بوونەتەوە و جۆری خەتەنەكە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەپێی یاسا دیاردەكە قەدەغەكراوە و نابێت خەتەنەكردنی مێینە بكرێت و، گوتی: "لە كوردستان یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرچووە و جەختی لەسەر خەتەنە كردووە، هەروەها لە یاسای سزادانی عێراقیش رەتی دەكاتەوە وەكو بڕین یان دەستكاری كردنی یەكێك لە ئەندامانی لەش، بۆیە پاش رووپێوییەكە رێوشوێنەكانی یاسایی و كۆمەڵایەتی لەرێگەی هۆشیاركردنەوەی خێزان و هاووڵاتییانەوە و ناساندنی خەڵك لە مەترسییەكانی ئەو دیاردەیە دەگرینە بەر".
گوتیشی: "بەپێی ئامارەكانی دەستكەوتوو لەو رووپێوییەی ئێمە رێژەی خەتەنەكردنی مێینە لەدابەزیندایە بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو، وە ئەوەی دەركەوتووە ئەوەیە لەهەندێك ناوچەكانی هەولێر و سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان ئەو دیاردەیە زۆرە".