Mazın Asad
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نوعمان کوڕتوڵموش بووە مێوانی پەخشی راستەوخۆی کەناڵی Haber türk و لەبارەی رۆژەڤەوە روونکردنەوەی دا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی کشانەوە ھێزی سەربازیی تورکیا لە نزیک مووسڵ، کوڕتوڵموش گوتی: "نەخێر لە مووسڵ نەکشاینەوە. سەربازانمان لە کەمپی بەعشیقە و ناوچەکانی دیکە بوونی ھەیە، بەڵام بەرەو دواوە کشاونەتەوە".
کوڕتوڵموش گوتی: "خەڵکێکی زۆر لە لایەنە جیاوازەکان لەوێدا ھەڵاتن کە لە ھەڕەشە و فشاری داعش رزگاریان بوو، بەڵام مرۆڤێکی زۆری لەوێدا گیری خوارد. لەسەر داوەتی پارێزگاری پێشووی مووسڵ نوجێفی یەکینەی پارێزگارانی نیشتمانی پێکھێنرا و بۆ مەشقپێکردن ئەوان داوای ھاوکاریی لە سەربازانی تورکیا کرا. بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی ئەوکات ئاگاداری ئەمەن".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە ھۆکاری ناردنی ھێزی سەربازیی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی داعش بە ١٥-٢٠ کیلۆمەتر لە سەربازانی تورکیا و زیاتر گوتیشی: "لە پێناو پارێزگاریکردنی ئەوان ھێزێکی سەربازیی رەوانە کرا. بێگومان ئەو ھێزانە لەوێدا بە مەبەستی ھێرشکردن یاخود شەڕکەر بوونیان نییە. لە سەرەتاوە بۆ ئەم مەبەستە نەبوو و ئەمڕۆ بۆ ئەم مەبەستە نییە. ناردنی ئەو ھێزە ھەنگاوێکە بۆ پارێزگاریکردنی سەربازانی تورکیا کە کاری مەشقکردنیان دەکرد. بوونی ئەو ھێزە لەوێدا بەردەوام دەبێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا 'چی ئەنجامێک لەگەڵ رووسیا دروست دەبێت'، کوڕتوڵموش روونی کردەوە کە لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیرانی رووسیا و تورکیا لە یەکەم رۆژەوەوە تورکیا بە ئەرێنێ لە بابەتەکە نزیکبووەتەوە و راشیگەیاند لە نێوان تورکیا و رووسیا ھەندێک جیاوازی بۆچوونی سیاسی ھەیە.