Dlshad Saifaalddin Ahmed
18 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2018
سلێمانی ـ AA
فێستیڤاڵەکە لە پارکی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی و لە لایەن رێکخراوی ACT ئەنجامدرا، تێیدا چەند چالاکییەک لەوانەش ھەڵدانی باڵۆنی رووناکی بۆ ئاسمان و نمایشکردنی خواردنی کوردەواری و پێشانگای کاری دەستی و چالاکی تری ھونەری لەخۆگرتبوو.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، سیروان کەریم لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆ ھەستاوین بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە، فێستیڤاڵەکەمان لە پێنج بەش پێکھاتووە و بە بۆنەی نزیکبوونەوەی نەورۆز و بەھارە، ئامانجیشمان دڵخۆشکردنی ھاووڵاتیانە لەم دۆخەی ئێستادا".
لە فێستیڤاڵەکەدا، کۆشکی خواردن ئامادەکرابوو بۆ پێشکەشکردنی خواردن بە ئامادەبووانی فێستیڤاڵ، ھەروەھا کۆشکی نمایشکردنی کاری دەستی خانمان، کۆشکی یارییەکان، کۆشکی تایبەت بە رەنگکردنی دەموچاوی منداڵان، ھەروەھا چەند چالاکییەکی دیکەی ھونەری گۆرانی و میوزیک پێشکەش بە ئامادە بووان کران.
لە کۆتایشدا لەلایەن بەشداربووانەوە، ژمارەیەک باڵۆنی رووناکی بۆ ئاسمان ھەڵدران، وەک سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵەکەش گوتی: "ھەڵدانی باڵۆنەکان بۆ ئەوەیە پێکەوە دڵخۆش بین و ئاسمان رووناک بکەینەوە".