Feriq Fereç
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتییان و هونەرمەندان و لەسەر ئەركی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی شاری سلێمانی لە گەڕەكی مامۆستایانی شاری سلێمانی باخچەیەك بەناوی هونەرمەند كەریم كابان كرایەوە.
كردنەوەی باخچەكە بە خوێندنەوەی وتاری هونەرمەندان دەستی پێ كرد. وتاری بنەماڵەی هونەرمەند لەلایەن شوان كەریم كابان خوێندرایەوە و، بە گوتنەوەی چەند گۆرانییەكی هونەرمەند لەلایەن هونەرمەندان و بەخشینەوەی گوڵ بەسەرئامادەبواندا مەراسیمەكە بەڕێوەچوو و پاشان پەردە لەسەر تابلۆی باخچەكە لادرا.
لەوبارەیەوە شوان كەریم كابان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "سوپاسی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی شاری سلێمانی دەكەین كە ناوی ئەم باخچەیان نا كەریم كابان، بەڕاستی ئەوە جێگەی رێز و پێزانینە".
ماوەیەكە سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی شاری سلێمانی ژمارەیەكی زۆر لەو باخچانەی كە درووستی كردوون بەناوی هونەرمەند و ئەدیب و خەباتگێڕانەوە ناودەنێت.