Hemn Baban
09 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2016
هەولێر
ئیبراهیم دەشڵێت داعش گەمارۆ دەدرێت و رووبەرێكی زۆری لەدەستداوە و ئەو فڕۆكەخانەیەی ئەمڕۆش گیراوەتەوە بۆمەبەستی فڕۆكەوانی بەكاردەهێنرێت.
سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتنی فڕۆكەخانەی سەربازیی ناحیەی گەیارە كە نزیك بە 60 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە پشت راست كردەوە و رایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ و بەدیاریكراوی پێش كەمتر لە دوو كاتژمێر بەر لە ئێستا هێزەكانی عێراق توانیویانە هێرش بكەنە سەر فڕۆكەخانەی سەربازیی ناحییەی گەیارە و لەكەمترین ماوەدا و بەكەمترین زیان كۆنتڕۆڵی بكەنەوە و ژمارەیەك چەكداری داعش بكوژن و ژمارەیەكی دیكەشیان لێ هەڵاتوون".
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا ئاشكرای كرد، ئەو فڕۆكەخانەیە شوێنێكی زۆر ستراتیجی و گرنگە لە پرۆسەی گرتنەوەی شاری مووسڵ، چونكە ئەو فڕۆكەخانە سەربازییە، هەروەها نزیك بە 7 كیلۆمەتر لە ناحیەی گەیارەوە دوورە هەر بۆیە زیاتر گرتنەوەی ناحیەی گەیارە ئاسان دەكات، چونكە ئەو شوێنە ستراتیجییە، هەروەها دەتوانرێت وەكو بنكەیەكی فڕۆكەوانی بەكاربهێنرێت".
محەمەد ئیبراهیم لەو لێدوانەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتی راستی كردەوە ، پڕۆسەی گرتنەوەی مووسڵ و گەمارۆدانی داعش لە ناوچەیەكی دیاریكراو دەستی پێكردووە و بۆ ئەو مەبەستەش رووبەرێكی فراوان لە دەستی داعش دەرهێنراوە.
زانیارییەكانی ئەو بەرپرسە باڵا ئەمنییەی پارێزگای نەینەوا لەكاتێكدا دێت چەند مانگێكە دەستپێكردنی پرۆسەی گرتنەوەی مووسڵ لەلایەن ئەمریكییەكان و عێراقیشەوە راگەیەنراوە كە بە چەندین پرۆسەی سەربازی و گرتنەوەی ناوچەیەكی فراوان لە پارێزگای نەینەوا دەستی پێكردووە و گرتنەوەی فڕۆكەخانەی گەیارە كە لە دیوی لای پارێزگای سەڵاحەددینەوە گیراوەتەوە ئەمڕۆ هەر لەو چوارچێوەیەدایە بۆ گەمارۆدانی چەكدارانی داعش كە ژمارەیەكیان بەمدواییانە خۆیان بەدەستەوە داوە و ژمارەیەكیشیان لەلایەن داعشەوە بە بیانووی هەڵاتن لە شەڕ لەسێدارەدراون.