Abdullah Shukur
24 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەربانگکردنەوەی پیاوانی کاری پیشەسازیی گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا گوتی: "لە دوای ئەوەی لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٧ ھەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیری تورکیا ئەنجامی نەبوو، لە ساڵی ٢٠١٣وە پرۆژەیەکی نوێیان لەمبارەیەوە خستەبەرکار بەڵام ئەویش ئەنجامی نەبوو، یارییەکانی دارایی ئەنجامی نەبوو، ھێنانی بەشێکی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان ئەنجامی نەبوو، ھەموو کەسێک گەڕایەوە سەر کارەکەی خۆی".
ئەردۆغان هەروەها گوتیشی: "لە رێککەوتی ٣٠ی ئەم مانگە، پرۆژەی پردی عوسمان غازی دەکەینەوە. لە ئیستانبوڵەوە بە پردی عوسمان غازی تا ئۆرھان غازی بەبێ راوەستان دەڕۆین. ئیتر گەڕان بە نێو کەنداو نەما. لەمەش زیاتر، لە ٢٦ی ئاب پردی سوڵتان سەلیم دەکەینەوە. ئەم ساڵە دەبێتە ساڵی کردنەوەی پرۆژەکان، ئێستا تەندەرێکی دیکە لە ئارادایە بەوەی کە لە ناوەڕاستی چوار سایدی چوون و ھاتن، شەمەندەفەری خێرا دابنرێت. لە ٢٦ی کانوونی یەکەمیش تونێلی ئەوراسیا لە ژێر گەرووی ئیستانبوڵ دەکرێتەوە".
ئەردۆغان لەبارەی ئەنجامی راپرسی بریتانیا و جیابوونەوەی لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە ئەوان رێز دەگرن لە ئیرادەی گەل و دیموکراسی و ھیوای خواست ئەم بڕیارە ببێتە مایەی خێر بۆ گەلی بریتانیا و گوتی: "ئەم بڕیارە دەبێتە قۆناغێکی نوێ لە یەکێتیی ئەورووپا و هەروەها بریتانیا".
ئەردۆغان لەبارەی پرسی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "ئێمە گرنگیمان بە یەکێتیی ئەورووپا دا و لەمباریەوە رێگایەکمان گرتەبەر بەڵام ئەوان ھەمیشە ئێمەیان سەرقاڵ کرد. ھاوکات بۆچوونی نامرۆڤانەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پەنابەرانەوە، وای کردووە کە ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا بخرێتە بەر تاوتوێکردن. ھیچ کەس نەڵێت ئەورووپا ئیسلام فۆبیای تێدا نییە، ئیتر ئەوە من دەیڵێم ئەوەی بەرامبەر تورکیا دەکرێت ئیسلام فۆبیایە. بۆیە ئەمانە ئێمە وەرناگرن".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "منیش ھەمیشە لە دانوستانەکاندا گوتوومە، ئەگەر ئێمە دەخەنە یەکێتیی ئەورووپا بڵێن فەرموو ئەگینا ماندوومان مەکەن. ئەمانە ھەمیشە ئێمەیان ھەڵخەڵەتاند. فەرموون بزانن ئێستا بریتانیا چی گوتووە؟ تا ساڵی ٣٠٠٠ تورکیا ناچێتە یەکێتیی ئەورووپاوە".
ئەردۆغان لە کۆتاییدا گوتی: "سەیرکەن لە ئەمریکاش یەکێک لە پاڵێوراوەکان لە مسوڵمانەکان دەدات. بەڕێز ئۆباما ھەڵوێستی خۆی دەنوێنێت دەڵێت 'نابێت ئەم جیاوازییە بکرێت' بەڵام پاڵێوراوەکەی دیکە بەرگەی ئەوە ناگرێت کە مسوڵمانەکان لە ئەمریکا بن. کەسانێکیش ھاتوون لێرەوە مارکەیەکیان بەناوی ئەوەوە داناوە، پێویستە بە زووترین کات ئەم مارکەیە ھەڵبگرن".