Abdullah Shukur
04 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2016
ئەلبەیلی
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فەڕات بە پشتیوانی سوپای تورکیا لە دژی داعش ھێڵی عەزاز- جەرابلوس بەیەكتر بەسترایەوە و ئیتر پەیوەندی فیزیکی داعش بە سنووری تورکیاوە بە تەواوی پچڕا.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕان بە پشتیوانی سوپای تورکیا و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە باکووری پارێزگای حەلەب لەوەتەی ٢٤ی ئابەوە تاکو ئێستا بەردەوامە.
دوینێ ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێڵی زریپۆش لە شارۆچکەی ئەلبەیلی سەر بە کلیس چوونە نێو شارۆچکەی چۆبانبێی و بەم پێیەش پێشڕەوی سوپای سووریای ئازاد لە ١٢یەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە خێراتر بوو.
سوپای سووریا ئازاد لە ناوچەی چۆبانبێی گوندەکانی تووەریان، حالییە، باب لیمۆن، حاج وەلی و ئۆکوزئۆلدورانی لە دەستی داعش رزگار کرد.
ئەمڕۆش سوپای سووریای ئازاد گوندەکانی غەنیمە، سوڤەیدای لە رۆژئاوای جەرابلوس لە دەستی داعش دەرھێنا و ھاوکات گوندی ئەلقادی وەک تاکە گوندی ژێر کۆنترۆڵی داعش لە ھێڵی سنووری رزگار کرا.
بەم پێیەش سوپای سووریا ئازاد، ناوچەکانی نێوان جەرابلوس و چۆبانبێیان لە تیرۆریستانی داعش پاککردەوە و رێورەوێکی ئەمنیان بە دووری ٣ تا ٥ کیلۆمەتر لە سنووری خاکی تورکیاوە تا نێو خاکی سووریا پێکھێنا. بەم پێیەش پەیوەندی فیزیکی داعش بە سنووری تورکیاوە بە تەواوی پچڕا.
لە ١٢یەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا سوپای سووریای ئازاد ٦٠٠ کیلۆمەتری لە داعش و پەیەدە پاککردەوە.
لە لایەکی دیکەش سەرچاوەکانی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت و چاوەڕێی فراوانکردنی پشتێنەی ئەمنی بە مەبەستی دوورخستنەوەی داعش لە سنووری تورکیا دەکرێت.