Rewa Mahmut Hasan
11 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2016
سربرێنیتسا
دوای دۆزینەوەی گۆرێکی تری بەکۆمەڵی قوربانیانی کوشتاری سربرێنیتسا کە بەگەورەترین تراژیدیای مرۆیی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم لە ئەورووپا ناو دەبرێت، لە گۆڕستانی پۆتۆچاری تەرمی ١٢٧ قوربانی تر بەخاک سپێردران.
لە رێوڕەسمی ناشتنەکەدا کە بە ئامادەبوونی چەندین پیاوی ئایینی و وەزیری دەرەوەی تورکیا و چەند کەسایەتییەکی بۆسنی بەڕێوە چوو، بەپێی دەستووری ئیسلام تەرمەکان نێژران و بەمەش ژمارەی قوربانیانی کوشتارەکە گەیشتە شەش هەزار و ٥٠٤ کەس.
لە ١١ی تەمووزی ١٩٩٥دا دوای ئەوەی شاری سربرێنیتسا لەلایەن یەکەکانی سربییەوە داگیر کرا و هاووڵاتییانی بۆسنی ناوچەکە خۆیان لە ژێر کۆنترۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رادەستی سەربازانی هۆڵەندی کرد، پاشان رادەستی سربەکان کرانەوە.
زیاتر لە هەشت هەزار کوڕی بۆسنی لە کارگەکان و کۆگاکاندا لەلایەن دەسەڵاتی سربییەکانەوە کوژران و بە کۆمەڵ نێژران.
دوای تێپەڕینی جەنگ، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکانی بەکۆمەڵ بەردەوامی هەیە و پاش دیاریکردنی ناسنامەکانیان هەموو ساڵێک لە ١١ی تەمووزدا لە مۆنۆمێنتی پۆتۆچاری بەخاک دەسپێردرێن.