Volkan Kaşik
09 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
مهڵاتیا-AA
لە پارێزگای مهڵاتیا خۆرههڵاتی توركیا بینایەک داڕووخا و دوای رووداوەکەش تیمە فریاگوزارییەکان دەستیان بە دەرهێنانی ئەو کەسانە کرد کە لە ژێر داروپەردووی بیناکەدا گیریان خواردووە.
رووداوەکە لە شارۆچکەی یەشیلیورت روویداوە و بینایەکی دوو نهۆمی کە نهۆمی زەمینییەکەی چەند دوکانێک بووە، بەهۆکارێکی نەزانراوهوه داڕووخاوه.
دوای رووداوەکەش تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ١٣ کەس بە برینداریی رزگار بکەن.
بریندارەکان بە ئامبوڵانس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

بە گوتەی شایەتحاڵەکانیش بەدرێژایی رۆژ لە شوێنکارێکی ناو بیناکەدا کاری نۆژەنکردنەوە ئەنجامدراوە.
کامێرای چاودێری یەکێک لە شوێنکارەکانی نزیک بیناکە، گرتەی ساتی رووداوەکەی تۆمار کردووە، کە ئەوە نیشان دەدات لە کاتێکدا چەند هاووڵاتییەک بەسەر شۆستەی بەردەم بیناکەدا تێپەڕیون لە ناکاو تەپوتۆز بهرز دهبێتهوه، بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، چەند ئۆتۆمبێلێک خۆیان کێشاوە بە شۆستەی بەردەم بیناکەدا و وەستاون.
لای خۆیشییەوە سهرۆكایهتی بهرێوهبردنی كارهسات و دۆخه لهناكاوهكان له توركیا (ئافاد) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە شارەکانی ئادیامان، ئەلعەزیز، دیاربەکر، مهڕهش، بینگۆل، ئەرزەڕۆم، سێواس و ئاداناوە تیمی فریاگوزارییان رەوانەی مەڵاتیا کردووە.

پارێزگاری مەڵەتیا، ئایدن باروش لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "پێشبینی دەکەین ٢٠ کەس لەناو بیناکەدا بووبن و تیمە فریاگوزارییەکانیش بەردەوامن لە گەڕان".
هەروەها سەرۆکی شارەوانی مەڵاتیا، سەڵاحەدین گورکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە راستەوخۆ دوای داڕمانی بیناکە تیمە فریواگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رایگەیاند: "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئافاد هەموو پێکەوە دەستبەکاربوون و هیوادارین تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی لەناو بیناکەدا گیریان خواردووە، بەسەلامەتی دەربهێندرێن و هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان روونەدات".
بەڕێوهبەری تەندروستی شارەکە، رەجەب بەنتی، دەربارهی رەوشی بریندارەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کۆی ١٣ بریندار رەوشی تەندروستی ١١یان جێگیرە و رەوشی تەندروستی دوو بریندارەکەی دیکەش مامناوەندە.
