Volkan Kaşik
11 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2022
مهڵاتیا - AA
لە پارێزگای مهڵاتیا خۆرههڵاتی توركیا کە گرنگترین ناوەندی بەرهەمهێنانی قەیسییە لە تورکیا، کاری کرێکارانی کشتوکاڵی کە لە شارەکانی دەوروبەرەوە هاتوونەتە شارەکە، دەستی پێکرد.
رنینەوەی قەیسی لە پارێزگاكه بەردەوامە، کە لە کۆی ١٧ ملیۆن داری قەیسی لە تورکیا، نزیکەی نۆ ملیۆنیان لەخۆ دەگرێت، هەروەها ٣٢ جۆری جیاوازی قەیسی وەک "حەسەنبەی"، "کاباشی"، "حاجیخەلیلۆغڵو" و "ئاڵیاناک" لە شارەکەدا دەچێنرێت.
نزیکەی ٥٠ هەزار خێزان لە مهڵاتیا بژێوی ژیانیان لە رێگەی کاری رنینەوەی قەیسییهوه، دابین دەکەن. باخەکانی قەیسی سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتن بۆ کرێکاره وهرزییهكانی کشتوکاڵ.
لەو ماوەیەدا زۆرێک لە کرێکاره وەرزییهكان لە پارێزگاکانی وەک ئورفا، ئادیامان و دیاربەکرەوە دێنە شارەکە و بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ کاری رنینەوە و وشککردنەوەی قەیسی دەکەن.

- "کاری رنینەوە و کۆکردنەوەی قەیسی زۆر سەختە"
کرێکاره وەرزییهكان کە بۆ کارکردن هاتوونەتە باخێکی قەیسی لە گەڕەکی سینان له شارۆچکەی یازیخان سهربه مهڵاتیا، لەگەڵ دەرکەوتنی گزنگی خۆر دەگەنە سەر کارەکانیان. بێ گوێدانە پلەکانی گەرما، ئەو قەیسییانە کۆدەکەنەوە کە لە دارەکانەوە دەکەونە خوارەوە و دەیخەنە ناو سندوقەوە و ئامادەی دەکەن بۆ وشککردنەوە.
كرێكاری وهرزیی، زەهرا ئیزجى کە خهڵكى ئورفایە و تهمهنی ٢٣ ساڵه، به پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوى راگهیاند، لهگهڵ دایكی و خوشك و براكانی بۆ كاركردن هاتوونهته باخی قهیسی.
زەهرا ئیزجی ئاماژەی بەوەش کرد کە دەرچووی زانکۆی ئیدرە و لە منداڵییەوە کاتەکانی پشووی هاوینی لە بواری کشتوکاڵدا بەسەر بردووە و گوتی: "کاری رنینەوە و کۆکردنەوەی قەیسی زۆر سەختە. بەیانیان کاتژمێر پێنج هەڵدەستین و بەدرێژایی رۆژ لێرە کار دەکەین. براکانم دەخوێنن. ئێمە بۆ کارکردن دەچینە شوێنی زۆر دوور لە شارۆچکەی سیڤەرەک. کاتێک دەگەڕێینەوە، سوود لەو پارەیە وەردەگرین کە لە کرێکاریدا کۆی دەکەینەوە".

- "زەحمەتی زۆر دەکێشین لە گواستنەوەی سندوقەکان"
یەکێکی دیکە لە کرێکارەکان، خەلیل چیفتچی-یه، ئهو ئاماژهی بهوه كرد لە ئورفاوە لەگەڵ خێزانەكەی هاتوون بۆ كاركردن لە باخی قەیسی و گوتی: "ئێمە دوو ساڵە دێینە مهڵاتیا بۆ کارکردن، لێرەدا کاری رنینەوە و کۆکرندەوەی قەیسی دەکەین. زەحمەتی زۆر دەکێشین لە گواستنەوەی سندوقەکان".