Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆسەر پێگەکانی تیرۆریستان لە باکووری سووریا بەردەوامە لە ١٥٩یەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١٨ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرانە ئامانج و ١٨ تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لە باکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
لە ١٥٩ەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بۆردومانی ١٣٠ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرا و رێگە نەدرا تیرۆریستان ھیچ جموجۆڵێک بکەن.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزی ئاسمانیی تورکیا، ١٨ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەھەریەک لە ئەلباب و بزاعە بۆردومان و خاپوور کرد کە پێکھاتبوون لە ٣ سەکۆی چەکی قورس، ٣ خاڵی پشکنین، ٢ تونێل و ١٠ بینا کە وەک شوێنی حەوانەوە، بەکاردەھێنران.
ھاوکات لە ئەنجامی ھێرشەکاندا بەدرێژایی رۆژ، ١٨ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە ٨٧ بۆمبی دەستکرد لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٣ ھەزار و ٤٣١ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و ٥٥ مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.
لەئەنجامی دوو ھێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییشدا لە ئەلباب، بینایەک و تونێلێک کە وەک بارەگا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەکاردەھێنران، وێران کران.