Abdullah Shukur
03 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا گەیشتووینەتە ئەم خاڵە، ئەمەش خاڵی چاودێریکردنە. لە رەققە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوونی ھەیە. ئێستا ئەمریکا ھەڵسوکەوت لەگەڵ دوو رێکخراوی تیرۆریستی دەکا کە یەکێکیان باڵی سیاسی و ئەوی دیکەش باڵی سەربازییە کە ئەمانیش پەیەدە و یەپەگەن. ئەمریکا دەڵێ 'لەگەڵ یەپەگە ئۆپەراسیۆنی رەققە ئەنجام دەدەم'. ئێمە باسی زۆر شتمان لەگەڵ ئەمریکا کردووە. ئێستا دووبارە نایەوێ ئەم بابەتانە لێرە باس بکەین. ئێمەش گوتمان 'فەرموو ئۆپەراسیۆنەکە لەگەڵ ئەمانە ئەنجام بدە'، بەڵام پێمان گوتونە کە ئەگەر لە باکووری سووریا ھەر گێچەڵێک بە وڵاتەکەمان بکرێ ئێمەش ئیتر ئەو بابەتانە لەگەڵ کەس تاوتوێ ناکەین و بڕیاری خۆمان دەدەین، ھەروەکو چۆن لە جەرابلوس و راعی و ئەلباب ھەنگاوی خۆمان ھاویشت، لێرەش ئەگەر پێویست بێ ھەنگاوی خۆمان دەھاوێژین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی دەزگای پیشەسازان و پیاوانی کاری سەربەخۆ لە ناوەندی کۆنگرەی خەلیج لە شاری ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لەبارەی پشتیوانی ئەمریکا لە یەپەگە لە رزگارکردنی رەققە و ھەڕەشەکان بۆ سەر تورکیا گوتی: " ئەگەر لە باکووری سووریا ھەر گێچەڵێک بە وڵاتەکەمان بکرێ ئێمەش ئیتر ئەو بابەتانە لەگەڵ کەس تاوتوێ ناکەین و بڕیاری خۆمان دەدەین، ھەروەکو چۆن لە جەرابلوس و راعی و ئەلباب ھەنگاوی خۆمان ھاویشت، لێرەش ئەگەر پێویست بێ ھەنگاوی خۆمان دەھاوێژین".
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا باسی ھەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ی تورکیای کرد و گوتی: "ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥، ژینگەی ئارامی و سەقامگیری تورکیای خستە مەترسییەوە کە لە سەردەمی ئاک پارتی زۆر بە قورسی ئەو سەقامگیرییە دەستەبەر کرابوو. تورکیا گەیشتە لێواری ئازارەکانی سەردەمی حکوومەتە ھاوپەیمانییەکانی پێشوو. بەھۆی ئەوەی ھیچ پارتێک رێژەی دەنگی پێویستی بەدەست نەھێنا و نەیانتوانی لەسەر حکوومەتی ھاوپەیمانی دانوستان بکەن، منیش وەک سەرکۆمار دەسەڵاتی خۆم بەکارھێنا و ھەڵبژاردنەکانمان دووبارە کردەوە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی توندی لە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "ئەو کەسەی کە سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییە، تویتێکی بڵاوکردووەتەوە، پێموایە زۆربەی خەڵک خوێندییەوە. دەزانن چی دەڵێ ئەو تویتە؟ زۆر سەیرە 'لە ٤ەمین ساڵیادی رووداوەکانی گێزی پارک بە رێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەم کە خەباتیان بۆ ماف و ئازادیان کرد' ئایا ئەمە چ خەباتێکی ماف و ئازادییەکانە؟ واتە ئێوە شارێک دەرووخێنن و دەشکێنن و پۆلیس شەھید دەکەن، بەمەش دەڵێن خەباتی ئازادی؟ ئایا چی روویداوە تا ئێوە خەبات بۆ ئازادی بکەن؟ ئایا خەباتی ئازادی ئەوەیە کە لە فڕۆکەخانەی یەشیلکۆی ھەڵبێی و پەنا ببەیتە بەر ماڵی سەرۆکی شارەوانی بەکرکۆی؟".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "بە پیاوانی کار دەڵێم بە گشت توانا و ئازایەتیتان وەرن وەبەرھەمھێنان بکەن، ھەناردە بکەن و دامەزراندن زیاد بکەن. بەم شێوەیەش ئێوەش قازانج بکەن و وڵاتیش قازانج بکات".