Bülent Temiz
19 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
بینگۆڵ – AA
لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما، رەوەندەکان کە لە کوێستانەکانی قەزای کارڵیئۆڤا سەربە پارێزگای بینگۆل دەمێننەوە لە ئامادەکاریدان بۆ کۆچێکی سەخت کە چەند رۆژ دەخایەنێت و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئەم رەوەندانە کە بەمەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە پارێزگاکانی وەک ئەلعەزیز، ئورفا و دیاربەکرەوە هاتوون و بە درێژایی وەرزی هاوین لە کوێستانەکان ماونەتەوە، لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما کەلوپەلەکانیان پێچاوەتەوە و لە مێرگەکانی نزیک لە بینگۆل گیرساونەتەوە.
ئەم رەوەندانە کە نزیکەی یەک هەفتە لە مێرگەکاندا دەمێننەوە، دوای گەیشتنی ئاژەڵەکانیان بۆ مێرگەکان بەرەو زێدی خۆیان بەڕێ دەکەون.
مستەفا ئاکاڵن بە میدیاکارانی راگەیاند کە لە دوای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە دیاربەکرەوە هاتوونەتە کارڵیئۆڤا و ٣-٤ مانگ لەوێ ماونەتەوە.
مستەفا ئاکاڵن بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە لە ئامادەکاریدان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، گوتی: "چونکە کەشەکە ساردی کردووە، ناچارین بگەڕێینەوە. پێویستە منداڵەکانیشمان بچن بۆ قوتابخانە".
حاجی ئاکاڵن ئاماژەی بەوە دا کە زستان لە ئەلعەزیزن، بەڵام هاوین روو لە کوێستانەکانی کارڵیئۆڤا دەکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا کە ئەوان دەگەڕێنەوە ئەلعەزیز و بەشێک لە کۆچەرەکانیش دەگەڕێنەوە ئورفا و بەشێکی دیکەیشیان دەگەڕێنەوە بۆ دیاربەکر.