İbrahim Yaldız
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
مووش- AA
دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا ئارامییان بۆ گەڕاوەتەوە.
بەتایبەت کوێستان و ناوچە شاخاوییەکان لەئێستادا، بوونەتە لەوەڕگایەکی باش بۆ مەڕوماڵات.
پارێزگای مووش لەڕووی ئاژەڵدارییەوە یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی تورکیا، لەئێستایشدا بەهۆی بوونی سەقامگیری و ئاسایشەوە، هەزاران سەر مەڕ و بزن کوێستانەکانی ئەو پارێزگاییەیان تەنیوە.
بەڕێوبەری کشتوکاڵ و دارستانی مووش، مەهمەت ئایدن لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد لە پارێزگاکەدا، ٣٢٥ هەزار وڵاخ و یەک ملیۆن و٨٤ هەزار سەر مەڕ و بزن هەن.
مەهمەت ئایدن باسی لەوەیش کرد کە لەئێستادا بەهۆی سەقامگیری و ئاسایشەوە مەڕدارەکان ماڵاتەکەیان دەبەنە کوێستانەکان و ئاژەڵدارە کۆچەرەکانی شارەکانی دەورووبەریش بۆ لەوەڕاندنی ماڵاتەکانیان سوود لە کوێستانەکانی مووش دەبینن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا کە بەهۆی بوونی ئاسایش لە کوێستانەکاندا، کەسانێکی زۆر روویان لە کاری ئاژەڵداری کردووە و ئەمەیش سوودێکی زۆری بۆ ئابووری پارێزگاکە هەیە.
ساجیت سۆنمەز یەکێکە لە مەڕدارەکان کە نزیکەی ١٠ هەزار سەر ئاژەڵی هەیە و باس لەوە دەکات ماوەی ٤٥ رۆژە بۆ لەوەڕاندنی ماڵاتەکەیان هاتوونەتە کوێستان و دوای کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین دەگەڕێنەوە گوندەکەیان.