Mazın Asad
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2017
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی سەر ناوچەی منبج لە سووریا : "بێ دەستەبەرکردنی ھەماھەنگی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بێ مانایە. رووداوەکان لەوانەیە ئاڵۆزتر بن. بۆ ئەمەش ئێستا کۆبوونەوە لەسەر ئاستی سەربازیی و تەکنیکی ئەنجام دەدرێت".
یڵدرم بووە مێوانی پەخشی ھاوبەشی کەناڵی A Haber و ATV و لەبارەی پرسەکانی رۆژەڤ وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا تورکیا ئۆپەراسیۆنی منبج ئەنجام دەدات یاخود نا؟ یڵدرم گوتی:"بێ دەستەبەرکردنی ھەماھەنگی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بێ مانایە. رووداوەکان لەوانەیە ئاڵۆزتر بن. بۆ ئەمەش ئێستا کۆبوونەوە لەسەر ئاستی سەربازیی و تەکنیکی ئەنجام دەدرێت".
-کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی سووریا
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەگەری رادەستکردنەوەی فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکە جەنگییەی سووریا کە لە تورکیا کەوتەخوارەوە، یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە چارەسەری پزیشکی بۆ فڕۆکەوانەکە درێژەی ھەیە و راشیگەیاند تاوەکو ئێستا ھیچ رێکارێکی یاسایی بۆ رادەستکردنەوە یاخود بۆ دەستبەسەرکردنی فڕۆکەوانە نەکراوە و زیاتر گوتیشی: "لە ئێستادا ئەنجامدانی رێکاری پێویست بۆ رادەستکردنەوەی یاخود دەستبەسەرکردنی جێگەی باس نییە. ژیانی بابەتێکی مرۆڤایەتییە. چارەسەری تەواو دەبێت و لە ئێستادا شاندێکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکھێنراوە و سبەی دەست بەکارەکانیان دەکەن. بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی ئامادە دەکرێت، رێکاری پێویست دەکرێت. وا بزانم ئەمڕۆ داوای بینی خێزانەکەی کردووە. ئەمە بابەتێکی مرۆڤایەتییە".
لە وەڵامی پرسیارێک کە "ئایا مۆڵەت بەوە دەدەن؟" یڵدرم گوتی: "مۆڵەت دەدەین. پێویستە مۆڵەت بەمە بدرێت و پێموایە مۆڵەتدان کارێکی شیاوە. لەوبارەیەوە ھەڵوێستی ئێمە لەبارەی رژێمی سووریا دیارە، بەڵام ئێمە مێوانداری لە سێ ملیۆن پەنابەر دەکەین و لە نەریتی ئێمەدا ئەو مرۆڤانەی دەکەون بەشێوەی مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".