دیاربەکر
پەرلەمانتاری سەربەخۆی شاری ماردین لە پەرلەمانی تورکیا ئەحمەد تورک رایگەیاند کە مانای لێدوانی پەکەکە بۆ راگرتنی کێشانەوەی ھێزەکانی خۆی لە نێو سنوورەکانی تورکیادا ئەوە نییە کە کۆتایی بەم قۆناغە ھاتووە بەڵکو نیشانەی ھەبوونی کێشە لە نێو قۆناغی چارەسەریدایە.
لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێ خوێندنەوە لە بەردەم ھۆڵی کۆبوونەوەکانی سۆمەرپارکی تورکیادا ساز کرابوو ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری، بێدەنگ کردنی چەکەکان و جێبەجێ کردنی ماف و داواکارییە رەواکانی گەلی کورد دەکەن و پێویستە حکوومەتیش ئەرکی سەر شانی خۆی جێبەجێ بکات.
.ئەحمەد تورک لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ناکرێت خۆبەرێوەبردنی کورد و قەبووڵ کردنی زمانی کوردی وەکو زمانی رەسمی لە قۆناغی چارەسەری جیا بکرێنەوە چونکە ئەم داواکارییانە داواکاری سرۆشتین و سەرچاوەیان نەتەوەبوونی گەلی کورد و یاسا نێونەتەوەییەکانە و ئەم ماف و داواکارییانە بە ھیچ شێوەیەک نابنە بابەتی مامەڵە کردن.
تورک جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بریاری ئاگر بەست کە پێشتر لە لایەن پەکەکەیەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کرابوو و گرێدراو بوونی پەکەکە بەم بڕیارەی خۆی گرنگە و ئەوانیش پشتگیری لێوە دەکەن.
ناوبراو بەمجۆرە درێژەی بە وتەکانی خۆی دا: لێدوانی پەکەکە سەبارەت بە راوەستاندنی کێشانەوەی ھێزەکانی خۆی نیشانەی کۆتایی ھاتنی قۆناغی چارەسەری نییە بەڵکو نیشانەی ھەبوونی کێشە لە نێو ئەم قۆناغە دایە و ئەم کەسانە کە ھاووڵاتی کۆماری تورکیان دەبێت ھاوکات لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکەن و بۆ ئەمە مەبەستەیش پێویستی بە گۆڕانکاری بە پەلەی یاسایی ھەیە و بۆ باشتر بەرێوە بردنی ئەم قۆناغە دەبێت رۆلی ئوجەلانیش لە بەرچاو بگیڕدرێت و ئاستەنگییەکانی بەردەم پەیوەندی کردنی بە رای گشتییەوە چارەسەر بکرن و گیراوانی دۆزی کەجەکەیش بە پەلە ئازاد بکرن و رێژەی سەدا ١٠ی ھەڵبژاردنەکانیش کە کاریگەری زۆری لە سەر قۆناغی چارەسەری دەبێت ھەڵبوەشێنرێتەوە.
تورک باسی پەروەردە بە زمانی زگماکیشی کرد و گوتی" پێویستە بە پەلە گفتوگو لە سەر پەروەردە بە زمانی زگماکیش بکرێَت و حکوومەت و بەرپرسانیش واز لە لێدوانە نائیجابییەکانی خۆیان لەمبارەوە بھێنن، بۆیە داوا لە گەلی کورد دەکەم کە بە مەبەستی گرنگی دانی دەوڵەت بە زمانی زگماکی و بەکار ھێنانی زمانی کوردی لە ھەر ھەمووی بوارەکاندا پێویستە بەشداری لە ھەڵمەتی بایکوت کردنی یەک حەفتەیی پەروەردە بکات.