Muhammet Ali Kemal
08 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2017
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا و وڵاتانی کەنداو ''دوورگەکانی سەقامگیرین لەو جوگرافیایەی کە پڕە لە کێشە'' و رایگەیاند ''هەموومان پێکەوە، خوازیاری ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیرین لە ناوچەکەمان''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە سەردانەکەی بۆ کوێت کە بڕیارە سبەی سێشەممە ئەنجامی بدات، دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی ئەو وڵاتە ساز کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد لەبەرامبەر کێشە ناوچەیی و گەردوونییەکاندا هەڵوێست و بۆچوونی تورکیا و وڵاتانی کەنداو یەکدەگرێتەوە و ناوچەکە بەرەوڕووی تاقیکردنەوەی زۆر جددی بووەتەوە، باسی لەوەشکرد ئەوان گرنگیی زۆر بە راوێژ و هاریکاریی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا دەدەن و خۆشحاڵ دەبن ئەگەر هەمان بایەخ لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە ببینن.
- ''هەموومان پێکەوە، خوازیاری ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیرین لە ناوچەکەمان''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا و وڵاتانی کەنداو ''دوورگەکانی سەقامگیرین لەو جوگرافیایەی کە پڕە لە کێشە'' و رایگەیاند ''هەموومان پێکەوە، خوازیاری ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیرین لە ناوچەکەمان. خوازیاری ئەوەین کە گەلان بە خۆشگوزەرانی و دوور لە جەنگ و پێکدادان درێژە بە ژیانیان بدەن. خوازیاری جوگرافیایەکین کە شەڕی ناوخۆی تێدا نەبێت، هیچ کەسێک تێیدا بە هۆی باوەڕ یان نەژادییەوە تووشی فشار نەبێتەوە و سەقامگیر و پڕ ئاشتی بێت. ئەوەش باش دەزانین کە ئەو خواستانەمان لە لایەن وڵاتانی کەنداویشتەوە جەختی لێدەکرێتەوە و هاوڕامانن''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشکرد کە هاریکاریی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی لە ناوچەکە هەیە و ئەوان گەشبینن بەوەی ناوچەکە رۆژە سەختەکان تێدەپەڕێنێت.