Rewa Mahmut Hasan
03 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2015
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکانی ئاسمانی رووسیا بۆسەر ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەکانی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ پوتیندا ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن و داوای لێدەکەن کە چاو بەو هەنگاوەیدا بخشێنێتەوە.
لەمیانی بەشداری کردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزۆنی لە کەناڵی ئەلجەزیرەدا، ئەردۆغان لەسەر زۆر پرسی هەنووکەیی دوواو وەڵامی پێشکەشکارەکەی دایەوە.
ئەردۆغان لەبارەی سووریا و هێرشەکانی رووسیاوە رایگەیاند کە زانیاریان بەدەست گەیشتووە لەئەنجامی هێرشەکانی رووسیا لەناو سووریادا ٦٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و ئەگەر هەیە کەسی تریش تێدا بچن بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە و گوتی: "بەتایبەت لەبارەی مردنی ئەو ٦٥ کەسەوە -کەپێ دەچێت زیاد بکات- بە فڕۆکە، لەگەڵ پوتیندا قسەی لەسەر دەکەین، لەچوارچێوەی ئەو چاوپێکەوتنەی پێشتر لە مۆسکۆ ئەنجاممان دا، لەگەڵ قۆناغی داهاتوو هەڵدەسەنگێنین. لێرەوە نیگەرانی خۆمانی پێ رادەگەیەنین. مادام دوو وڵاتی دۆستین، داوای لێدەکەین کە چاو بەو هەنگاوەیدا بخشێنێتەوە. چونکە ئەوە ئێمەین لەناوچەکە توشی کێشە دەبین، رووسیا هیچ سنوورێکی نییە بە سووریاوە. بەڵام من ٩١١ کم سنوورم هەیە لەگەڵی. بۆیە بێزارم لەوەی روو دەدات. تورکیا ئێستا دوو ملیۆن میوانی لەخۆی گرتووە. ئەمانە نەچوونەتە رووسیا. ئێمە سەیر دەکەین، رووسیا سەیر ناکات. دەمەوێت بزانم بۆ رووسیا ئەوەنە سەرقاڵی سووریایە".