Sangar Hamad Azeez
03 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2015
جنێڤ
رێکخراوی یونیسێف راگەیاند: "بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن ١٠ ملیۆن منداڵ لە یەمەن پێویستیان بە یارمەتی خێرا هەیە".
گوتەبێژی رێکخراوی یونیسێف کریستۆف بۆولیاراک لە لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە جنێڤ گوتی: "بەهۆی ئەوەی ماوەی شەش مانگە بەبێ وەستان شەڕ و پێکدادان لە یەمەن درێژەی هەیە ٥٠٥ منداڵ کوژراون و ٧٠٢ی دیکەش بریندار بوون".
ئەو گوتەبێژە باسی لەوە کرد کە بە ملیۆنان منداڵی یەمەنی خوار تەمەنی پێنج ساڵی بەهۆی برسییەتیەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەرەو گوتی: "رۆژ لە دوای رۆژی ڕەوشی مرۆیی لە یەمەن بەرەو خراپتر ئەچێت نزیکەی ١٠ ملیۆن منداڵ کە لەخوار تەمەنی پێنج ساڵین پێویستیان بە یارمەتی خێرا هەیە".
کریستۆف بۆولیاراک گوتی: "بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە ئاوی خواردنەوە لە وڵاتەکە پیس بووە و بەهۆیەوە ٢٠ ملیۆن هاووڵاتی لەدەست پیسی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن".
بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی پێکدادانەوە لە یەمەن دوو هەزار و٣٥٥ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چوار هەزار و٨٦٢ی دیکەش بریندار بوون ئەمە وێرای کەم ئەندامبوونی بەشێکی زۆری بریندارەکان".