Rewa Mahmood Hasan,Fahrettin İbrahim
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
مۆسکۆ – AA
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی رایگەیاند "بە بیانووی بوونی تیرۆرەوە، هێرشکردن لە زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە لایەن رژێمەوە، قبوڵ ناکرێ".
سەرکۆماری تورکیا لە میانی سەردانیدا بۆ مۆسکۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی رووسيا ڤلادیمیر پوتین رێکخست.
لە کۆنگرەکەدا سەرەتا سەرۆکی رووسیا قسەی کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی رووسیا و تورکیا بەشێوەیە بەرامبەر و لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندییەکان بەرەوپێش دەچێت".
پوتین گوتیشی: "رووسیا و تورکیا لەسەر چارەسەری قەیرانی سووریا بەردەوام دەبن لەکارە بەرهەمدارەکانی لەسەر شێوازی پرۆسەی ئاستانا".
لەبارەی دۆخی ئیدلبەوە پوتین رایگەیاند: "لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا لەبارەی لەناوبردنی تیرۆریستان لە ئیدلب و ئەنجامدانی کاری پێویست، رێککەوتین" و جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆر نیگەرانن لە دۆخی ئیدلب و گوتی: "چوارچێوەی رێوشوێنی زیاتری لەناوبردنی تیرۆریستانمان دیاری کرد".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی رووسیا باسی لە ناوجەی ئارام کرد و رایگەیاند: "پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باشووری سنوورەکانی تورکیادا، لەرووی یەکپارچەیی خاکی سووریاوە هەنگاوێکی ئەرێنییە".
دواتر سەرکۆماری تورکیا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا لەبارەی ئیدلبەوە گوتی: "بە بیانووی بوونی تیرۆرەوە، هێرشکردن لە زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە لایەن رژێمەوە، قبوڵ ناکرێ".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە: "بەندەکانی رێکەوتنی سۆچی تەنیا لە کاتێکدا دەتوانین پابەندیان بین کە رژێم کۆتایی بە هێرشەکانی بێنێ" و هەر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە هێرشەکانی رژێمدا لە ئیدلب لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا ٥٠٠ کەسی بێتاوان زیاتر گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسی مەدەنی برینداربوون".
لەبارەی هێرشەکانی سەر سنووریەشەوە ئەردۆغان گوتی: "بەتایبەتی بە درێژایی سنوورەکانمان وا لەئێمە دەکات بەرگری لەخۆمان بکەین و هەنگاوی پێویست بنێن لەکاتی پێویستدا".
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە: "هیوامان ئەوەیە کە ئەو خوێنڕشتنە بوەستێنین، هەوڵدەدەین سووریای دراوسێمان بگات بە خۆشگوزەرانی کە ماوەی ٨ ساڵە ئاواتیانە پێی بگەن" و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە: "هەتا ئەم دەستدرێژییانە بەردەوام بێت ناتوانین ئێمە بێ دەسەڵات راوەستین. ئێستا کە ئامادەکاری دەکەین لە سەر سنوور هەمووی بۆ ئەمەیە".
لەبارەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ رووسیا لە بوای بەرگریدا، ئەردۆغان رایگەیاند: "دەمانەوێت پاڵپشتییەکانمان لە پیشەسازی بەرگری و زۆر بواردا بەردەوامی پێ بدەین. ئەمە دەکرێت لەبواری فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی گەشتیاریشدا بێت. هەمووی بەستراوەتەوە بە رۆحیەتی پاڵپشتییەوە".
لەبارەی هاریکاریەکانی هەریەک لە تورکیاو رووسیا لەبەرامبەر Su-35 پوتین رایگەیاند،: "لەبارەی تێکەڵکردنی رادار، رۆکێتەکان، بوارەکانی گۆڕانکاری سیستەمەکانی بەرگرییەوە، تێبینیمان نوسیوە، بەخێرایی بەرەوپێشیان دەبەین". هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند: "دەکرێت لەبواری Su-35ەوە کاری هاوبەش بەڕێوە ببرێت. دەکرێت لەسەر Su-35 هاریکاری هەبێت. توانامان هەیە".