ئیستەنبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کە نوێژی جەژنی لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدی ئیستەنبوڵ کرد، دوای دەرچوونی لە مزگەوت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لەبارەی رۆژەڤی سیاسی و رەوشی ناوچەکە دایەوە.
ئەردۆغان دوای پیرۆزبایی کردن لە خەڵک بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، ھیوای خواست جەژنی قوربان ببێتە مایەی رزگاربوونی مرۆڤایەتی بە تایبەتی خەڵکی ناوچەکە لەو بارودۆخەی ئێستا. بە تایبەتی بەھۆی بارودۆخی ئەم دواییەی سوریا و عێراقەوە.
ئەردۆغان گوتی: "بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە جیھانی ئیسلامیدا بارودۆخێک ھاتووتە ئاراوە کە لەگەڵ ناسنامەی راستەقینەی ئیسلامدا ناگونجێ. ئەوەی دەکوژێ موسڵمانە، ئەوەی دەکوژرێ موسڵمانە، بە گوتنی ئەڵاھو ئەکبەر کوشتنی خەڵک شتێک نییە قبوڵ بکرێ، لەناو ئاینی ئێمەدا شتێکی بەو جۆرە ھیچ جێگە و پێگەیەکی نییە، لە ئێستادا سنوورەکانمان لە ژێر مەترسیدان و ئێمە ئەو شتانە دەبینین، ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبانێ روودەدا، رەنگە سبەی رەنگە لە حەسەکە یان لە شوێنێکی دیکەی نزیک لە سنووری تورکیا رووبدا، بێگۆمان لە بەرامبەر ئەو ھەموو مەترسی و ئاڵۆزییانەدا ئێمەش وەک کۆماری تورکیا رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر و بۆ جێبەجێکردنی ھەر ھەنگاوێکی پێویست چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ئامادەکاریمان کردووە و وەک ئێوەش ئاگادارن دواجار لە کۆشکی سەرکۆماریی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەمنیمان ئەنجامدا و نەخشەڕێگەیەک ئامادەکراوە و بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیە ھەڵسوکەوت دەکەین."