ئەنبار
چەكدارانی داعش لە چوار میحورەی باكووری پارێزگای ئەنبار هێرشیانكردە سەر سێ فەوجی سوپای عێراق، كە دوێنێ گەمارۆكەی سەریان شكابوو، دواترهێزە ئەمنییەكان بەرپەرچی هێرشە چەكدارییەكەی داعشیان دایەوە و لە ئاكامیشدا توانیان ٣٠ی چەكداری داعش بكوژن و ١٠ ئۆتۆمبێلیش تێكبشكێنن.
لەمبارەیەوە بەپێی ئەو زانیارییانە كە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی پارێزگای ئەنبار فەریق روكن رەشید فلیح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ چەكدارانی رێكخراوی داعش لە چوار میحوەر لە باكووری پارێزگای ئەنبار هێرشیان كردە سەر هەر سێ فەوجی یەك و دوو سێ كە دوێنێ گەمارۆكەی سەریان لە رۆژهەڵاتی ناحییەی كرمە شكا، بەڵام هێزە ئەمنییەكان توانیان بەرپەرچی هێرشەكانی داعش بدەنەوە و شەڕو پێكدادان لە نێوان هەر دوولادا روویدا.
هاوكات فلیح ئاماژەی بەوەشدا، لە ئاكامی شەڕەكە ٣٠ی چەكداری داعش كوژران و ١٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویشیان تێكشكان.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی ئەنبار روونیشیكردەوە، سەربازێكی زۆری فەوجەكانی دیكەی سوپا لە كاتی شەڕەكە بە هانای سەربازانی فەوجی یەك و دوو سێ چوون و توانیان داعش تێكبشكێنن.
دوای ئەوەی لە ماوەكانی رابردوو هەر سێ فەوجی یەك و دوو و سێ لە رۆژهەڵاتی ناوچەی كرمە لە باكووری پارێزگای ئەنبار لە لایەن چەكدارانی داعشەوە گەمارۆدرابوون، دوێنێ هێزە ئەمنییەكان بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا توانیان گەمارۆكە بكشێنن و سەربازانی ئەو فەوجانەش لە چنگی چەكدارانی داعش رزگار بكەن.