سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دوا گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رۆژنامەوان و نووسەران سازدا.
لەناو بەشداربوواندا نووسەری رۆژنامەی ئاکشام، تورگای گولەر، نووسەرانی رۆژنامەی ستار ئەحمەد کەکەچ، یوسف زیا جۆمەرت، عوسمان جان، ھاکان ئاڵبایراک، ئەحمەد تاشگێتیرەن، نووسەری رۆژنامەی حوریەت ئاکیف بەکی، نووسەرانی رۆژنامەی سەباح سەڤیلای یوکسەلیر، محەمەد ئۆڤور، محەمەد بارلاس، لەگەڵ چەندین لە نووسەرانی رۆژنامەکانی دیکەی وەک میللییەت، شەفەق، رادیکاڵ، بوگیون، یەنی ئاکید دەبینران. کۆبوونەوەکە لە ئۆفیسی دۆڵمەباخچەسەرای بەڕێوەچوو.
ھەروەھا جێگرانی سەرۆکوەزیران بولەند ئارنچ، بەشیر ئاتاڵای، عەلی باباجان ، وەزیری داد بەکر بۆزداغ، وەزیری ناوخۆ ئەفکان ئاڵا، وەزیری پەروەردە نەبی ئاڤجی، وەزیری وزەو سامانە سروشتییەکان تانەر یڵدز، وەزیری رۆشنبیری و گەشت و گوزار عومەر چەلیک، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و دەریاوانی لوتفو ئەلوان، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی پارتی دادوگەشەپێدان لەوانە حسێن چەلیک، ماھیر ئوناڵ، یاڵچن ئاکدۆغان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
کۆبوونەوەکە سەعات ١١:٢٥ بە دەسپێکی گوتەی ئەردۆغان دەستیپێکرد،
بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە نووسەری رۆژنامەی ئاکشام تورگای گولەر لە حەوشی ئۆفیسی دۆڵمەباخچەسەرای بۆ رۆژنامەوانان گوتی "سبەی سەرۆکوەزیران دەچێتە وڵاتی ژاپۆن، وادیارە بەر لەو سەردانەیان دەیانەوێ چەند پرسێک تاوتوێ بکەن، ئنجا بەڕێبکەون، جا ئەو شتە چییە کە تاوتوێی دەکرێ لە ناو کۆبوونەوەکە دەیزانین و دەیبیستین، بەبۆچوونی من مەسەلەیەکی گرنگ لە ئارادایە".