Hemın Othman Mohammed
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، مەدالیای دەوڵەتی بەخشیە شای سعوودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعوود، كە بە سەردانێكی رەسمی لە ئەنقەرەیە.
دوای رێوڕەسمی پێشوازی كردن كە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار بەڕێوەچوو، ئەردۆغان و شا سەلمان چوونە مەڕاسیمی بەخشینی مەدالیای دەوڵەت.
دوای مارشی هەردوو وڵات و خوێندنەوەی ژیاننامەی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعوود، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێكی پێشكەش كرد و سوپاسی میوانانی كرد بۆ ئامادەبوونیان لە بەرنامەكەدا.
ئەردۆغان رایگەیاند "ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە بۆ پێشكەش كردنی مەدالیای دەوڵەت بە برا و دۆستی بەڕێزم خادیمول حەڕەمەین ئەشەریفەین شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعوود"، ئاماژەی بەوەش كرد كە مەدالیای دەوڵەت باڵاترین مەدالیای توركیایە و دەدرێتە سەرۆكی وڵاتانی بیانی.
گوتیشی: "ئەم مەدالیایە، سیمبوولێكە نیشانی دەدات كە پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات و هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی دۆستایەتیان لە بەرزترین ئاستدایە. دۆستی بەڕێز و برای ئازیزم، لەوەتەی لە سعوودیە هاتویتە سەر دەسەڵات تا ئێستا هاوكاری گەورەت پێشكەش كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان. ئیرادەیەكی بەهێزتان نیشان داوە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندی برایەتی و دۆستایەتی نێوان دوو كۆمەڵگا كە پەیوەندی ریشەیی و مێژووییان هەیە. لە جوگرافیەكەماندا كە رووبەڕووی كێشەی گەورە بووەتەوە بە هۆشیاریەوە كارتان كرد و، دڵنیاییەكتان رێكخستووە كە ئاشتی، ئاسایش، ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەستەبەركردووە. لەو رووەشەوە ئەو هاریكاری و پشتیوانیەی بەرامبەر بە وڵاتەكەمانتان نیشانتان داوە شایەنی هەموو ستایش كردنێكە. بە پشتیوانی ئێوە، هاریكاری توركیا و سعوودیە لە هەموو بوارەكاندا زیاتر قوڵبووەتەوە، كە ئەمەش هەلێكە بۆ ئاشتی ناوچەیی و جیهانی. لەو باوەڕەدام لە قۆناغی داهاتووشدا سووردەبین لەسەر هەنگاونان بە ئاراستەی پتەوتر كردنی هاریكاری نێوانمان. بێگومان لەو سەردانە مێژووییەی ئەمڕۆ ئەنجامتان دا، پەیامێكی زۆر بەهێز و واتادارە بۆ داهاتووی پەیوەندیەكانمان. زۆر دڵخۆشم بە پێشكەش كردنی ئەم مەدالیایە بە بەڕێزتان".
دوای پێشكەش كردنی وتارەكەی، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان مەدالیاكەی پێشكەش بە شا سەلمان كرد.
لە بەرامبەردا شا سەلمان بە گوتنی: "سڵاو، رەحمەتی و بەرەكەتی خواتان لەسەر بێت" دەستی بە وتارەكەی كرد.
بەبۆنەی پێشكەش كردنی مەدالیاكەوە، شا سەلمان سوپاسی ئاراستە كرد و گوتی: "بێگومان پەیوەندیمان لەگەڵ توركیادا، هەم لەگەڵ گەلەكەی، هەمیش لەگەڵ حكوومەتەكەی، لە راستیدا شایەنی هەموو شتێكە".
دوا بەدوای رێوڕەسمەكە، ئەردۆغان و شا سەلمان، بەشداریان لە خوانی نیوەڕۆدا كرد.