Abdullah Shukur
05 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "وامدەزانی کە نازییەت لە ئەڵمانیا کۆتایی پێھاتووە. بەڵام تا ئێستا بەردەوامە.
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەگەر پەرلەمان بڕیاری لەسێدارەدان پەسند بکات ئەوا منیش پەسندی دەکەم".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ناوەندی یەحیا کەمال بەیاتلی لە شاری ئیستانبوڵ لە شەوێکی تایبەت بە خەڵکی شاری تۆقات وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "من وامدەزانی کە نازییەت لە ئەڵمانیا کۆتایی پێھاتووە. بەڵام تا ئێستا بەردەوامە. ئەمەش بە ئاشکرا دیارە. ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسی ھەبێت دەبێت وەزیرەکەی من لەگەڵ وەزیری تۆ کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکان وتاریش پێشکەش بکات. بۆ ناڕەحەت دەبیت؟ ئێستا دەبینین ھۆڵەنداش بە ھەمان شێوە لێدوانی داوە. ئەمانە بە ئیرادەی خۆیان ناجوڵێنەوە. ئەمانە وایاندەزانی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی ئەڵمانیا دەکات. من ئەگەر بمەوێت بەیانی دێم و ئەگەر ئێوەش رێگە نەدەن قسە بکەم منیش جیھان ھەڵدەستێنمە سەر پێ".
- "باجی ئەو خوێنەی کە رێشتویانە لە دادگا دەدەنەوە"
ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ یەک بە یەکیان بردرانە بەردەم دادگا و باجی کردەوەکانیان دەدەنەوە لەمبارەیەوە گوتیشی: "ناپاکەکانی سەربە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ کە لە شەوی ١٥ی تەمووز ٢٤٩ رۆڵەی ئەم گەلەیان شەھیدکرد و دووھەزارو ١٩٣ ھاووڵاتی ئێمەیان بریندارکرد، یەک بە یەکیان بردرانە بەردەم دادگا. لێرەوە دەمەوێت بڵێم، بەرەنگاربوونەوە لە دژی فەتۆ، یەکێکە لە قورسترین و سەخترین بەرەنگاری ئەم دواییەی کۆماری تورکیا".
ئەردۆغان لەبارەی ھێنانەوەی بڕیاری لەسێدارەدان گوتی: "ھاوڕێیان لە دوای ١٦ی نیسان کارەکە دەکەوێتە پەرلەمان، چونکە ئەمە بابەتێکە پێویستی بە گۆڕانکاری دەستوور ھەیە. ئەگەر ئەمە لە پەرلەمان پەسند بکرێت، منیش پەسندی دەکەم. ھیچ پەیوەندی بە منەوە نییە کە کەسانێک چی دەڵێن. ئەوەی کە پەیوەندی بە منەوە ھەیە کە خوا دەیڵێت".
- "ھیچ شتێک لەئارادا نییە بە ناوی گۆڕانکاریی رژێم"
ئەردۆغان گوتی: " ١٦ی نیسان زۆر گرنگە. ١٦ی نیسان چاکسازییە. چاکسازییە لە سیستەم و بەڕێوەبردن. بەھیچ شێویەک گۆڕانکاری رژێم نییە".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی رێگەنەدان بە ئەنجامدانی چالاکی پەیوەندیدار بە گشتپرسی لە ئەڵمانیا گوتی: "لێرەوە بانگھێشتی ئەڵمانیا دەکەم، بانگھێشتی جیھانی دیموکراسی دەکەم. ئەگەر خەباتی ئازادی بۆچوون بکەین و باوەڕمان بە دیموکراسی ھەبێت، ھیچ کەسێک ناتوانێت رێگەمان لێ بگرێت. پێویستە ئەمە بەم شێوەیە بزانرێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرت بەوەی کە رێگەی بە وەزیرەکانی تورکیا نەداوە وتار لەو وڵاتە پێشکەش بکەن. گوتی: "ئیتر تێگەیشتنی دیموکراسی ئێوە بەم شێوەیەیە. تێگەیشتنی ئێوە لە ئازادی ئەوەیە. ئەگەر ئێوە لە وڵاتەکەتان کەسێک ئازاد دەکەن کە لەلای ئێمە سزا درابێت ئەوە ئێوە بەرپرسیارن و ھاوکاری تاوانباران دەکەن. پێویستە ئێوە دادگایی بکرێن. سەرەڕای گشت ئەمانە کاتێک وەزیرێکی ئێمە بیەوێت لەگەڵ ھاووڵاتیان و ھاوشارانی خۆی کۆببێتەوە، گشت کارەکان پێچەوانە دەبێتەوە و رێگری لێ دەکەن".
ئەردۆغان گوتیشی : "ئێمە زۆرباش دەزانین کە ساڵانێکە چۆن لە شارەکانی وڵاتانی ئەورووپی داڵدەی ئەو تیرۆریستانە دەدەن کە لەدەست ئێمە ھەڵاتوون. زۆرباش دەزانین کە ئەو وڵاتە(ئەڵمانیا) ساڵانە سەدان ملیۆن یۆرۆ بە زۆرەملێ کۆدەکەنەوە. دواجاریش دەبینین کە چۆن ناپاکەکانی فەتۆ لە باوەشی خۆتان گرتووە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە گرنگی سیستەمی سەرۆکایەتی کرد و گوتی: "پێویستە ئیتر ژینگەی ١٥ ساڵی سەقامگیری و ئارامی تورکیا لە دەستی کەسانێک یان پارتێک دەربھێنین و پەیوەستی بکەین بە سیستەمێک. سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمە دەستەبەر دەکات".