دیاربەکر
گۆرانیبێژ (ئۆدی یەرڤانت) بەڕەگەز ئەرمەنی، لەشاری دیاربەکرلەگەڕەکی خانچەک کە دانیشتووانەکەی بریتی بوون لەکوردو ئەمەن لەدایکبووە. ماڵباتی یەرڤانت ساڵی ١٩٧٦ لەشاری دیاربەکر کۆچیانکرد بەرەو شاری ئیستەنبوڵ.
ئۆدی ساڵی ١٩٩٢ چووە ئەمریکاو تا ئێستا لەو وڵاتە مابووەوە، لەدوای بانگەوازی وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا بۆ بانگکردنەوەی ئەو تورکییانەی لەدەرەوە نیشتەجێن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ئۆدیش گەڕایەوە تورکیا.
گۆرانیبێژی ئەرمەنی لەسەر داوای وەزیری رۆشنبیریی تورکیا (ئۆمەر چەلیک)گەڕایەوە تورکیاو ئێستا ھەر لەسەر بڕیاری ئەو وەزارەتە کراوەتە باڵیۆزی کەلتووریی تورکیا.
ئۆدی یەرڤانت لەسەر داوەتی سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر (عوسمان بایدەمیر) گەڕایەوە شاری باوباپیرانی و لەوێ قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد. یەرڤانت سوپای بایدەمیری کردو گوتی " بۆ گەڕانەوەم بۆ تورکیا کاریگەریی قسەی بەڕێز بایدەمیرم بەسەرەوە بوو لەگەڵ قسەی وەزیری رۆشنبیریی تورکیا".
ھەروەھا یەرڤانت باسی رەوشی سیاسی تورکیا بەتایبەت ناوچە کوردییەکانی کردو گوتی " رەوشی سیاسی و ئازادی وەکو ٣٠ سال لەمەوبەر نییەو پێشکەوتنی بەرچاو ھاتووەتە ئاراوە، ئێستا ئێمە دەتوانین بەئازادنە کەنیسەکانی خۆمان بکەینەوەو بیرو رای خۆمان دەربڕین"