Muhammet Ali Kemal
13 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2016
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣٤ مووشەک و گولـلە هاوەن کە لە خاکی سووریاوە تەقێنراون لە شاری کلیس کەوتوونەتە خوارەوە، کە بەهۆیانەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە لە باکووری حەلەب لەبەرامبەر سوپای سووریای ئازاددا تووشی زیانی گەورە بووە، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە تا ئێستا لە رێگەی مووشەک و هاوەنەوە هێرش دەکاتە سەر شاری کلیس باشووری تورکیا.
کلیس کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا - سووریا، بەهۆی ئەو مووشەکانەوە کە لە خاکی سووریاوە ئاراستەی کراون لە ماوەی دواییدا بووەتە یەکێک لە بابەتەکانی رۆژەڤ.
رۆژی ١٨ی کانوونی دووەمی رابردوو بۆ یەکەمجار هێرش کرایە سەر کلیس. دوو دانە مووشەک لەو سێ مووشەکەی کە لە سووریاوە ئاراستەی شارەکە کرابوون، لە ناوچەیەکی چۆڵ و مووشەکی سێیەمیان لە خوێندنگەیەکی سەرەتایی کەوتە خوارەوە. بەهۆی کەوتنە خوارەوەی مووشەکی سێیەمەوە کارمەندی یەکێک لە خوێندنگەکان کە تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، یەکێک لە بریندارەکانیش دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا کە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵان بوو.
مووشەکێکی دیکە رۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی رابردوو لە سووریاوە ئاراستەی شارەکە کرا و کەوتە سەر ماڵێکی دوو نهۆمی و لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ برینداربوو.