شیکاگۆ
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا عەلی باباجان لەمیانی بەشداریکردنی ئێوارەخوانێکی ئەنجوومەنی وێلایەتی شیکاگۆ لە ئەمەریکا، ئامانجەکانی تورکیای بۆ ساڵی ٢٠٢٣ روونکردەوە.
باباجان بە باسی دیموکراسی و مافی خەڵک دەستیپێکرد و گوتی: "ئێستا کۆماری تورکیا گرنگییەکی زۆر بە دیموکراسی و مافی خەڵک و میللەتان دەدات. لەم ساڵانەی دوایی رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان. پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن بەڵگەیەکە گوتەکانم دەسەلمێنێ. دیموکراسی ئامانجی سەرەکیمانە، بەڵام ئەوە کاری شەو و رۆژێک نیە و پێویستە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ بکرێ."
لەبارەی رۆژنامەوانە گیراوەکان لە تورکیا باباجان گوتی: "زۆرجار ئەو پرسیارەم ئاراستەکراوە بۆیە لێکۆڵینەوەم کرد و بەپێی وردەکارییەکانی دادگا ئەو رۆژنامەنووسانە لەسەر کاری خۆیان نەدراونەتە دادگا، بەڵکو بە تۆمەتی تێوەگلان بە کاری چەکداری و رێکخراوە نایاساییەکانەوە دەستگیرکراون."
لەبارەی زمانی کوردیەوە باباجان گوتی: "حکومەت ئەرکەکانی خۆی بەجێھێناوە و ماف و ناسنامەی زمانی کوردی لەڕێی یاساوە دەداتەوە کوردەکان."
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی PKK گوتی: "رێکخراوی تیرۆرستیی PKK خاوەن بیرۆکەی مارکسی و لینینین، دوای روخانی یەکێتیی سۆڤێت ئەو بیرۆکەیە خزێنرایە ھەندێ لەو ناوچانە و ئەو رێکخراوە یەکێکە لە نموونە زیندووەکان. ئێستا حکومەت لە دیدار و زانیاری گۆڕینەوەدایە لەگەڵ سەرکردەی ئەو رێکخراوە بۆ بەرقەرارکردنی پرۆسەی ئاشتی کە %٨٠ی کوردانی تورکیا پشتگیری لێدەکەن."
ھەروەھا باباجان گوتی: "تورکیا ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرز لەرووی مافەوە، بەڵام پێش ھەموو شتێک پێویستە ئەو کۆسپ و تەگەرانە لابدات کە ھەن. بێگومان ئەوەش پێویستی بە کات و کارە و دوای ١٠ ساڵ تورکیا دەبێتە وڵاتێکی دوور لەھەموو ناحەقی و نادادوەریەک."
باباجان لەبارەی ئەو زەمینەخۆشکردنە و کارکردنیان بۆ گۆڕانکارییەکانی رایگەیاند: لەم ١١ ساڵەدا شۆڕشێکی بێدەنگمان ھەڵگیرساند.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەتیکردەوە رووداوەکەی گەزی پارک بەرگریکردن بێ لە ژینگەو گوتی: "گەزی پارگ بە رەھەندێکی راستەقینە نەبینرا لە جیھاندا. ئەوە بەرگریکردن لە ژینگە نەبوو. ئەوە بەتاڵکردنی رقی خۆپیشاندەران و ناشرینکردنی دەسەڵات بوو. ئەوەی پۆلیس ئەنجامیدا تەنیا ئەرکی خۆی بوو، ھەمان شت لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکایش دەبینرێ."