ئۆبەرھاوسەن
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی میللی -مەھەپە بە توندی رەخنە دەگرێ لەسەردانی بارزانی و شڤان پەروەر بۆ شاری دیاربەکرو ئەو رووداوە بە "رۆژێکی رەش" وەسف دەكات.
باخچەلی بەوجۆرە باسی سەردانەكەی بارزانی کردووە: " ئێستا سەرۆکوەزیران لە دیاربەکر لەگەڵ بارزانیی برای بە یەکتر گەیشتوون. لە مێژووی تورکیا رۆژێکی رەشە کە ناتوانرێ ھەزم بکرێ. سەرکردەی پێشمەرگە جوداخوازێکی تاوانباری لەگەڵ خۆی ھێناوە کە پێی دەڵێن ھونەرمەند، لە دەروازەی خابوور دێنە ناو تورکیا و بە خۆپیشاندان پێشوازییان لێدەکرێ. بەرای ئێمە ئەوە ریسوابوونی دووەمینی خابوورە. چ پەکەکە لە خابوور بێنە ناو تورکیا، چ بارزانی بێتە ناو تورکیا ھیچ جیاوازی نییە."
باخچەلی بەمجۆرە درێژەی بەقسەکانی داوە: "سەرۆکوەزیران لە لایەک لە ئۆسلۆ تا ئیمڕالی لەگەڵ سەرۆکی تاوانباران و چەتەکان گفتوگۆ دەکا، لەلایەکەی دیکە لەگەڵ بارزانی کە پیاوی ھێزە نێودەوڵەتییەکانە کۆدەبێتەوە. حەفتەی رابردوو پەیەدە دەستەکەی دیکەی پەکەکە لە قامیشلۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی راگەیاند. ئەوە بە واتای خۆشکردنی زەمینەی دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی و بەڕێوەبەرایەتیی کاتی لە باکووری سوریا دێ. پێشوازییکردنی سەرۆکی پەیەدە لە تورکیا لەلایەن ئاکپارتی، وەڵامێکی نوێی دروستکرد. لەدوای باکووری عێراق دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی فیتنە لە باکووری سوریا چاککردنەوەی پارچەکانی کۆمەڵگەی تورکیا دەکاتە شتێکی نامومکین. بەمشێوەیە کوردستانی گەورە دوو پێی بۆ خۆ دروستکردووە. دانیشتنی ئەردۆغان لەگەڵ بارزانی لە دیاربەکر بێجگە لە پڕۆڤەکردن بۆ دروستکردنی پێی سێیەم کە پێی دەڵێن باکووری کوردستان شتێکی تر نییە. ئەردۆغان لەگەڵ پێشمەرگە لە دیاربەکر چۆتە سەر شانۆ بەیەکەوە گۆرانی کوردستانیان گوتووە."