ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەند ئارنچ لە میانی سەردانیدا بۆ بارەگای پارتی ھاکپار گوتی: "ھاکپار کە پارتییەکی ١٢ تا ١٣ ساڵەیە شتی زۆر بەسەریدا ھاتووە، دادگای دەستووری ویستی دایبخات بەڵام ئەو پارتە تێکۆشانی دیموکراتیکی خۆی بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەردەوام کردووە".
ئارنج گوتی: "ھاکپار پارتییەکە کە بڕوای بە سەروەری یاسا ھەیە و پێش یەک یان دوو مانگ کۆنگرەی خۆی بەست و سەرۆکی گشتی ئەو پارتە کە کەمال بورقای بوو وازی لەو پۆستە ھێنا و فەھمی دەمیر بووە سەرۆکی نوێی ئەو پارتە، لە مێژە فەھمی دەمیر دەناسم و یەکەم مەبەست لەم سەردانەدا پیرۆزباییکردن لە ھاکپارە بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەکەیەوە و مەبەستی دووەمی ئەم سەردانەیش دیدار لەگەڵ کەمال بۆرقایە".
ئارنچ بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: "ئەگەر قیسمەت ھەبێ و دەرفەتمان دەست کەوێ کێشەکانی تورکیا کە گرنگترینیان پرسی کورد و قۆناغی چارەسەرین، ویستم بزانم کە ئەوان چۆن دەتوانن لەو بارەوە ھاوکار دەبن، لە رابردوویشدا دیدارمان لەگەڵ ھاکپاردا ھەبووە، جارجار لەگەڵ سەرۆکی گشتی و جارجاریش لەگەڵ ئەندامانی دیکەدا بەڵام ئەم سەردانەی وەکو سەردانێکی فەرمی بۆ ناوەندی گشتی پارتەکە قەبووڵ بکەین و پارتە کوردییەکانی دیکە ئەوانەی لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی سیاسەت دەکەن بەڵام تێکەڵی توندوتیژی نەبوون و توندوتیژی رەت دەکەنەوە ئەگەر بیانەوێت، سەردانی ئەوانیش دەکەین. ئەگەر ئەوانیش دەیانەوێ بە رێگای ئاشتییانەوە ئەو پرسە چارەسەر بکەن ئەوە ئێمە لەگەڵ ئەوانیشدا دادەنیشین. چونکە قۆناغی چارەسەریی بۆ تورکیا زۆر گرنگە بۆ چارەسەر کردنی پرسێکی گرنگی تورکیا پێویستە ھەموو ئەوانەی کە حەزیان لە تورکیا و گەلانی تورکیایە زۆر بەباشی بیر بکەنەوە و زۆر بەباشی ھەڵسووکەوت بکەن و بڕیاری باش بدەن و من پێم وایە لەم چوارچێوەیەدا پارتی ھاکپار ئاشتی ھەڵبژاردووە و خۆی لە توندوتیژی بەدوور گرتووە و بە ھیچ شێوەیەک وازی لە رێبازە دیموکراتیکەکان نەھێناوە".
ئارنج لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی عەبدولمەلیک فراتیشی کرد کە وێنەی بەدیوارەوە بوو و گوتی: "کاتێک سەیری لای چەپی خۆم کرد وێنەی خوالێخۆشبوو عەبدولمەلیک فراتم بینی، بۆ ناسینی ریز و بەهای جارجاریش پێویستە سەیری لای چەپ بکەین تەنیا سەیری لای راست نەکەین. فرات کاتێک لە ژیاندا بوو و تەندروستی باش بوو دەمناسی و نەجمەدین ئەربەکانیش زۆر فراتی خۆش دەویست، فەھمی دەمیر، بایرام بۆزیەل و سەرتاچ بۆجاق سیاسەتمەداری بە نرخی تورکیان".
ئارنج لە بەردەوامی ئەو دیدارەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ١٤ی کانوونی یەکەمەوە گوتی: "ھاوڕییان بەقسەکانمان لە ئۆپەراسیۆنی ١٤ی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ نەکەین با پرسەکانتان تایبەت بن بەم سەردانە".
ئارنج لە وەڵامی پرسیاری، ئایا پڕۆژەکەی ئۆجەلان لەبارەی دانووستان و قۆناغی چارەسەرییەوە رادەستی حکوومەت کراوە، دیارە ناکۆکی لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە ھەن، ئێوە ئەو پڕۆژەتان بینیوە؟ بیروڕاتان لەبارەی لێدوانەکانی قەندیل کە دەڵێت حکوومەت کات بەفیڕۆ دەدات چییە؟ ئارنچ گوتی: "من پڕۆژەکەم نەبینیوە، تەنیا قەندیل و ھەدەپە لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە زانیارییان ھەیە و لەبارەی ئەو زانیارییانەوە دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیش لێکۆڵینەوە دەکەن و ئێمەیش ھەر هەفتە لەوبارەوە کۆ دەبینەوە، ئەگەر شتێکی جددی ھەبێت ئەوە حکوومەتیش ھەنگاوی پێویست دەنێت بەڵام تەنیا لەسەر بنەمای ھەواڵی رۆژنامەکان و قسەی ئەوانەی کە رۆژانە قسە دەکەن رەوتی قۆناغی چارەسەریی دەستنیشان ناکەین".
ئارنج لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "چەند کەس و لایەنێک ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ قۆناغی چارەسەریی تەنیا گفتوگۆ کردن لەگەڵ ھەدەپە و ئیمڕاڵی مەترسیدارە، منیش پشتگیری لەو بیروڕایە دەکەم و مادام قۆناغی چارەسەریی ھی سەرانسەری تورکیا و ھی ھەموومانە، بۆیە ھەرکەس یان ھەر لایەنێک کە لەم بارەیەوە خاوەن قسە بێ یاخود رۆڵ و کاریگەریی ھەبێت ئەوە پێویستە ئەوانیش بەشداری قۆناغەکە بن و پێویستە رێز لە بیروڕاکانیان بگیرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی دامەزراندنی لێژنەی چاودێریی قۆناغی چارەسەری و بەشداریکردنی ھاکپار لە لێژنەی چاودێری یان ئەو لێژنەیە کە سەردانی ئیمراڵی دەکات، ئارنچ گوتی: "دەکرێ و ناکرێ، ئەگەر لێژنەی چاودێریی دادەمەزرێت پێویست بزانین چۆن دادەمەزرێت، ئەندامەکانی کێن، بەڵام ھێشتا ئەو شتانە روون نین دیارە لە رووی پڕەنسیبەوە لە نێو قۆناغی چارەسەریدا بۆ ئەوەی قۆناغەکە بگاتەئەنجام دامەزراندنی لێژنەیەکی بەو جۆرە پێویستە و لەبارەی پێکھاتەکەیشەوە بێگومان پێکھاتەیەکی بەرفراوان دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سەرۆکی ھاکپار فەھمی دەمیریش سوپاسی بولەند ئارنچی کرد و گوتی: "ھاکپار ھەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ داوای چارەسەر کردنی ئاشتییانەی کێشە و گرفتەکانی کردووە و ھەر جۆرە توندوتیژی رەت کردووەتەوە. پرسی کورد کە ماوەی ٢٠٠ ساڵە بەرۆکی تورکیای گرتووە و چەندین پرسی دیکە وا بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن و پێویستییان بە پڕۆژەی گرنگی چارەسەریی ھەیە و ئەو پڕۆژانەیش تەنیا لە رێگای سیاسەتێکی دیموکراتیک و ئاشتییانەوە جێبەجێ دەکرێن".
دەمیر گوتی: "لە تورکیا سیاسەت کەوتووتە نێو قۆناغێکی نوێیەوە و ئێمەیش لەسەر ئەو بنەمایە ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەین کە ببینە پارتییەک کە چارەسەری دەدۆزێتەوە و ئێمە سەیری ئەوە ناکەین کێ چارەسەری پێیە بەڵکو سەیری نێوەڕۆکی چارەسەرییەکە دەکەین و ئەوانەی لە بواری چارەسەری ئاشتییانەدا ھەوڵ دەدەن کێ دەبن با ببن ئێمە پشتگیرییان لێوە دەکەین".
سەرۆکی پێشووی ھاکپاریش کەمال بۆرقای لەبارەی ئارنجەوە گوتی: "کاتێک گەڕامەوە بۆ تورکیا سەردانی ئارنچم کرد و ھەڵوێستێکی زۆر دوستانەی ھەبوو و لەم سەردانەی ئارنچیش زۆر خۆشحاڵین ئێمە کەسانێکن کە لە جیاتی ئەوەی بەدوای جیابوونەوە و چینایەتیدا بگەڕێن بەدوای رێککەوتن و پێکەوەبوون دەگەڕێن و بڕوامان بە چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەکان ھەیە و لەو چوارچێوەیەدا پشتگیری لە ھەر جۆرە ھەوڵێک بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشە و گرفتەکان دەکەین".
بورقای دوای ئەو قسانەی کتێبێکی خۆی بەدیاری بەخشیە بولەند ئارنچ وناوبراویش لەگەڵ وەبیرهێنانەوە ھەڵبەستی "ھادی گۆلمسە" ( پێبکەنە)ی کەمال بورقای جەختی لەوە کردەوە کە لە یەکەمین دەرفەتدا ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە. دوای ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە دیداری فەرمی ئارنچ و ھاکپار دەستی پێ کرد.
news_share_descriptionsubscription_contact

