ههکاری
لە گوندێكی سەربە شارۆچكەی یوكسەكۆڤا بە ناوی گوندی گەدیكلی كە 35 كیلۆمەتر لە شارۆچكەكەوە دوورە كێشەی پەیوەندیكردن بە مۆبایل بوونی هەیە. گوندەكە 30 خانووی تێدایە و دانیشتوانەكەی 350 كەسن.
لەو گوندەدا مۆبایلەكان كارناكەن و ئەو كەسانەی نەخۆشییەكی بەپەلەیان هەیە یاخود دەیانەوێت پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن كە لەدەرەوەی گوندەكەن، دەچنە سەربانی بەرزترین خانووی گوندەكە بۆ ئەوەی بتوانن بە مۆبایل قسە بكەن.
دانیشتوانی گوندەكە كە لەكاتی قسەكردن مۆبایلەكانیان بەرز دەكەنەوە هەوڵ دەدەن پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن، دەبنە هۆی درووستبوونی دیمەنێكی سەرنجراكێش.
یەكێك لە دانیشتوانی گوندەكە بەناوی فەیسەڵ ئایهان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لەبەرئەوەی لێرە تۆڕەكانی مۆبایل كارناكەن، ئەوان ناتوانن لەگەڵ كەسوكاریان قسە بكەن كە دوور لە گوندەكە دەژین".
ئایهان ئاماژەی بەوەكرد چەند ساڵێكە كێشەی نەبوونی تۆڕی مۆبایلیان لە گوندەكەیان هەیە و گوتی: "چەندین ساڵە تۆڕی مۆبایل لەم گوندە بوونی نییە و مۆبایلەكان كار ناكەن. رۆڵەكانمان لە سەربازین، هەندێكی دیكەیان بەمەبەستی خوێندن چوونەتە شارە دوورەكان بەڵام لەبەر ئەوەی تۆری مۆبایل بوونی نییە، ناتوانین لەگەڵ منداڵەكانمان قسە بكەین. تۆڕەكە تەنها لەسەر سەربانی بەرزترین ماڵی گوندەكە وەردەگیرێت. ئێمەش بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان ئەنجام بدەین و گوێمان لەدەنگی خۆشەویستانمان بێت دەچینە سەر ئەو سەربانە، بەڵام لەوێش بەباشی ناتوانین گوێمان لەیەكتر بێت''.
یەكێك لە دانیشتوانی گوندەكە بەناوی توران ئایهان ئاماژەی بەوەكرد زۆرترین كێشەی پەیوەندیكردنیان لە وەزری زستاندایە و ناتوانن دەستیان بگات بە بەرپرسان.
ئایهان گوتی: "هەندێك جار نەخۆشمان هەیە بەڵام ناتوانین هەواڵ بگەیەنینە بەرپرسانی شارۆچكەكە. تەنانەت شەوانیش دەبێت بچینە سەر ئەو سەربانە و لەوێوە قسە بكەین. داواكارین كاربكرێت بۆ ئەوەی ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن''.