ماردین
ئەرۆڵ دۆرا، پەرلەمانتاری بەدەپە لەگەڵ عائیشە گۆککەن، سەرۆکی شارەوانیی نوسەیبین، رەشاد کایماز سەرۆکی بەدەپە لە ماردین ھەروەھا چەندین ئەندام پەرلەمانی پێشوو و ئەندام و لایەنگرانی بەدەپە لەشاری نوسەیبین لەبەردەم مەڵبەندی کلتووری میتان گردبوونەوەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر دروستکردنی دیوار لەسەر سنوورو دروشمی " دیواری شەرم ناخوازین" یان گوتەوە.
خۆپیشاندەران تا بەردەم قوتابخانەی ناوەندی یڵدرم رۆیشتن و لەوێ لەبەردەم ناوچەی مینڕێژکراوی نێوان سنووری سوریا - تورکیا لەو شوێنەی تەلبەند کراوە ئەڵقەیان بەست بەدەوری ناوچەکەدا.
ئەرۆل دۆرا بەناوی خۆپیشاندەران قسەیکرد، ئاماژەی بەوەدا ئەوان بە قۆناغێکی زۆر گرنگ تێدەپەڕن، ئەرۆڵ گوتی:" پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی کە دەستپێکراوە، لەلایەن گەلی کورد و رۆژئاوای تورکیا پشتگیریی لێ دەکرێت. ئامانجمان بنیادنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسانە لە چوارچێوەی برایەتی بۆ ھەموو گەلانی تورکیا، لەو کاتەی رەوشێکی بەم شێوەیە لە تورکیا ھاتووەتە ئارا، ئەو ھەنگاوانەی تۆی بێباوەڕی دەچێنێن بێ واتا دەبن".
دۆرا جارێکی دیکە نەیاری خۆیانی نیشاندا بۆ دروستکردنی سنوورو دیوار، لەوبارەیەوە زیاتر گوتی " ئەو سنوورە دەستکردانە لەلایەن ئینگلیز و فەڕەنسا دروستکراون. ھەموو گەلانی ئەو ناوچەیە بە کورد، سریانی، ئێزیدی، عەرەب، تورکمان و نوسرانیان بەو سنوورە دەستکردە لەیەکتر جیا کردووەتەوە. بەڵام ھیچ کاتێ بە کردەوە حیساب بۆ ئەو سنوورانە نەکراوە. ھەرچەندە مرۆڤ بەھۆی ئەو مینانە گیانیشی لەدەستدا بێ، لەگەڵ ئەوەش ئەو سنوورە لە مێشکی خەڵکی ئەو ناوچەیە نەچەسپێنراوە".
لەگردبوونەوەکەدا باسی قۆناغی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد کراو ئەرۆل دۆرا گوتی " لەو کاتەی لە تورکیا پڕۆسەیەکی بەم شێوەیە دەستپێکراوە، نزیکەی نۆ مانگە کەس ناکوژرێت، لەو کاتەی مرۆڤەکان متمانەیان پەیداکردووە، نامومکینە BDP و ھەموو گەلانی ئەو ناوچەیە چاو لە کردەوەیەک بپۆشن کە دەبێتە مایەی لەدەستدانی ئارامی. ئەو دیوارە خەڵکی تورکیا بە تورک، کورد و گەلانی تر نایێنێتە لای یەکتر. داوا دەکەین ھەموو لایەنێک بە ژیرانە بیر بکاتەوە".
لەکۆتایی گردبوونەوەکەدا خۆپیشاندەران ئەو شوێنەی دیوارەکەی لێ دروست دەکرێت بەرد بارانکرد.