ئەنقەرە
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بەشیر ئاتاڵای) ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبارەگای سەرەکی پارتی دادوگەشەپێدان AK-Parti لەدوای کۆبوونەوەیەکی ئەو حیزبە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کردو رایگەیاند: بەرەو پێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی، پەیوەندیی بەھەنگاوی دوولایەنە ھەیە.
ئاتاڵای گوتی " پرۆسەی دیموکراسی بەردەوام دەبێ و سەرۆک ئەردۆغان رایگەیاندووە دوای گەڕانەوەی لەوڵاتانی دەرەوە لەبارەی پرسە سیاسییەکان کۆبوونەوە دەکەین. پرۆسەی دیموکراسی پرۆسەیەکی گرنگ و بەرفراوانە، ھەمە چەشنەو گشت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان بەدیموکراسی چارەسەر دەبن".
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند: ھێشتا ھیچ کاتێکی دیاریکراویان دەست نیشاننەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یەکجارەکی پرۆسەی دیموکراسی، ئەوە ھەم کات و ھەم ھەنگاوی وردی دەوێ، وا بڕیارە رۆژی ھەینی لەوبارەیەوە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەوە بکەن.
حەفتەی رابردوو، ھاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK (جەمیل بایک) رایگەیاند: پرۆسەی بردنە دەرەوەی ھێزەکانیان لەناوخۆی تورکیا رادەگرن و رەخنەی گرت لەھەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا. بایک گوتی حکومەتی وەکو پێویست بەدەم پرۆسەی ئاشتییەوە نەچووە.
بەڵام کاربەدەستانی تورکیا چەندینجار جەختیان لەسەر بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی کردووەتەوەو رایانگەیاندووە حکومەت رژدە لەسەر بەرەو پێشبردنی پرۆسەی ئاشتی.