ئیستەنبۆڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشدارییکرد لەپێشانگەی بازرگانیی TUMEXPO لەشاری ئەستەنبوڵ و گوتارێکی پێشکەشکرد.
ئەردۆغان لەبارەی پرسی دیموکراسی لەتورکیا گوتی " دوێنێ چەندین سەعات لەگەڵ ھاوکارانم پاکێجی دیموکراتیزەبوونمان تاوتوێکرد. بەپشتەوانیی خوا سبەی ئێوارە دوایین مادەکانی شەن و کەو دەکەین. دوای ئەوە پێموایە حەفتەی داھاتوو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پاکێجی دیموکراتیزەبوون رابگەیەنم".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا زیاتر گوتی " بەپشتیوانی خوا کێشیەکانی ئەمڕۆ و سبەینێش بە ستراتیژیی تازە لەڕێی دیالۆگەوە چارەسەر دەکەین. ئێمە خوازیاری تورکیایەکین تێیدا ٧٦ ملیۆن ھاونیشتمانی وەک یەک بتوانن پێکەوە بژین، رێز لە مافەکانی یەکتری بگرن، بەرێزەوە بڕواننە ئازادییەکان و شێوازی ژیانی یەکتری، ئێمە خوازیاری ئەوەین و بنیادیشی دەنێین".
ئەردۆغان بێ ئەوەی ناوی ھیچ لایەنێ بێنێ بەو جۆرە قسەی لەسەر ئاستەنگەکان کردو گوتی " ئێمە بووینە وڵاتێ نەک ئەوەی بەھێزە لەسەر حەقە، بەڵکو ئەوەی لەسەر حەقە بەھێزە. ھەوڵەکانی کەمینەیەکی بچووک بۆ نانەوەی تەنگژە لە تورکیا ھەرگیز سەرکەوتوو نابێ. لە چوارچێوەی یاسادا رێز لە ئازادییەکان دەگرین، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی یاسا دەستوەربدرێتە ئازادیی کەسەکان، ئەوا ھەموو ئەو دەسەڵاتانە بەکاردەھێنین کە یاسا رێی بەکارھێنانی پێداوین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جارێکی دیکە تێڕوانینی وڵاتەکەی لەبارەی قەیرانی سوریا خستەڕوو، ئەردۆغان سوور بوونی تورکیای دووپاتکردەوە لەسەر سزادانی بەشار ئەسەدو رایگەیاند: دەبێ رژێمی بەشار ئەسەد باجی ئەو کوشتارانە بدا لەسەر گەلی سوریا سەپاندی. رژێمی ئەسەد بەڵێنەکانی ناباتەسەر بۆیە دەبێ بەوردی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەرۆدغان گوتی "ئێمەش دەڵێین مردن ھەر مردنە. جا ئەو چەکەی بەکار دەھێنرێ ھەر چییەکبێ، کیمیایی بێ یا جۆری دیکە. ئیتر کوشتن ھەر کوشتنەو پێویستە لە ھەمان چوارچێوەدا ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموویان بکەین. پێویستە حەق و حیساب لەگەڵ رژێمی سوریا بکرێ، رژێمی ئەسەد تا ئەمڕۆ ھیچ بەڵێنێکی نەبردووەتە سەر، ھەموو ئەو بەڵێنانەی داویەتی بن پێی خستوون، کاتکوشتن لەقازانجی ئەوە".
لەبارەی پرۆژە پێشنیاری روسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکە کیمیاییەکانی سوریا گوتی "بەگومانەوە دەڕوانینە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە چەکی کیمیایی دراون".