Mazın Asad
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2017
پەرلەمانی تورکیا - AA
لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا، فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بەیاننامەیەکی ھاوبەشیان لە دژی پیلانی راگەیاندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە خوێندەوە کە تیایدا ھاتووە "پەرلەمانی تورکیا بە تەواوی و بێ دەرفەتدان بە ھیچ مشتومڕێک، ئیرادەی رەتکردنەوەی ئەم ھەوڵە بە رای گشتی جیھان رادەگەیەنێت".
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەحمەد ئایدن بەیاننامەیەکی ھاوبەشی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان لە دژی پیلانی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە، خوێندەوە کە لە لایەن فراکسیۆنەکانی ئاک پارتی، جەھەپە، ھەدەپە و مەھەپە ئامادە کرابوو.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نابێت پێگەی قودس بگۆڕدرێت و ناشبێت پێشێلکاری لە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە "ساڵانێکی دوور و درێژە کە ئەمریکا لە چارەسەری پرسی فەڵەستین وەک نێوەندگیر مامەڵە دەکات، ئەمڕۆ بەم ھەڵوێستەی دەبێتە ھۆکارێک بۆ سەرھەڵدانی پێکدادان و تراژێدیای مرۆیی نوێ".
ھەر لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیادا ھاتووە "ئەو ھەوڵانەی بۆ چارەسەری پرسی فەڵەستین دەدرێت، لە بەرامبەر ئەم پیلانەی ئێستا گورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت و زنجیرەیەک ناسەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات. بێ ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاشتی لەسەر بنەمای دادپەروەرانە، ھەمیشەیی و ھاوسەنگ و مێژوویی و مافە مەعنەوییەکان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەستەمە مرۆڤایەتی بە ئاسوودەیی و سەلامەتی بگات".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "لە بەرامبەر ئەم پێشھاتە قبووڵنەکراوە، ھەر تاکێکی تورکیا لە بەرامبەر ھەوڵەکانی گۆڕینی پێگەی مێژوویی قودس و پێشێلکاری لە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک پەرلەمانی تورکیا بە تەواوی و بێ دەرفەتدان بە ھیچ مشتومڕێک، ئیرادەی رەتکردنەوەی ئەم ھەوڵە بە رای گشتی جیھان رادەگەیەنێت".