Ramal Mahmood
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
مەتز - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بەر لە ئەنجامدانی میتینگ بۆ هاووڵاتییانی تورکی فەڕەنسانشین لە شاری مەتز لەبارەی رووداوەکەی هۆڵەنداوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا لەبارەی چۆنێتی تێپەڕینی ئەم رەوشە قەیراناوییە، چاوشئۆغڵو گوتی: "وەڵامی ئەوە دەدرێتەوە. هەر ئاوا دانانیشین. داوای لێبوردن بەس نییە. وەڵامی ئەوەمان دایەوە. ئێستا بە باڵیۆزی هۆڵەندامان گوتووە با نەچێتە وڵات رێگە نادرێت کە دوو رۆژ پلانی بۆ داناوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە لای خۆیانەوە لەبەرامبەر ئەمەدا رێوشوێنی خۆیان گرتووەتە بەر و دەستیان کردووە بەجێبەجێکردنی پلانەکانیان و، گوتی: "بەدڵنیاییەوە و بەزیادەوە رێوشوێن دەگرینە بەر. دواتر هۆڵەندا داوای لێبوردن لە تورکیا دەکات. تاکو هۆڵەندا داوای لێبوردن لە تورکیا نەکات بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە. چونکە ئەم کارە لایەنێکی نییە داکۆکی لێ بکرێت. من بەشێوەیەکی جوان بەئەوانم گوت 'ئەگەر لەبەر هەڵبژاردنەکان کێشەیە من دوای هەڵبژاردنەکان دێم'، گوتیان 'نەخێر، گرێنتی نادەین بۆ دوای هەڵبژاردنەکان'. بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە و وەڵام بدەنەوە. سەرۆکوەزیرانیان بەشێوەیەکی ناشیرین گوتی 'چاوشئۆغڵو بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ناتوانێت بێت. ئەگەر بشهێت تەنها بۆ بینینی گوڵی لالە دێت. مۆزەخانەکان دەبینێت بەڵام تورکەکان نابینێت'. ئایا تێڕوانینی لەوە فاشیستانەتر هەیە؟ لەوە زیاتر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان پێشێل دەکرێن؟ وەڵامی لەوە ناشیرینتر هەیە؟"