ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "هۆڵەندا، تۆ دێیت و پەیوەندی تورکیا-هۆڵەندا دەکەیتە قوربانی هەڵبژاردنێک کە رۆژی چوارشەممە ئەنجام دەدرێت، باجی ئەمە دەدەیت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشدارییکرد لە رێورەسمی نێودەوڵەتیی خەڵاتەکانی باشیی دا کە لە ناوەندی هالیچ بۆ کۆنگرەکان بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەشکرد.
ئەردۆغان رایگەیاند: "رووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی وەک دەیبینین سەرنج بدەن ئیسلامفۆبیان. لەم چەند رۆژەی دواییدا رۆژئاوا رووی راستەقینەی خۆی بەڕوون و راشکاوی نیشان داوە".
- ''باجی ئەمە دەدەیت''
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی رۆژی چوارشەممەی هۆڵەندا، رایگەیاند: ''هۆڵەندا، تۆ دێیت و پەیوەندی تورکیا-هۆڵەندا دەکەیتە قوربانی هەڵبژاردنێک کە رۆژی چوارشەممە ئەنجام دەدرێت، باجی ئەمە دەدەیت. لەدوای ئەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە هۆڵەندا ئەنجامبدرێت، لەدوای ئەوە و لەپێش ئەوەش، ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە پێویست بێت ئەنجامی دەدەین و ئەوەش ئاشکرا دەکەین کە چ هەڵوێستێک دەگرینە بەر. چونکە ناکرێت ئەمە بێ ئەوەی وەڵام بدرێتەوە، جێبهێڵدرێت''.
- ''لەکوێیت یەکێتیی ئەورووپا؟''
رەجەب تەیب ئەردۆغان رووی قسەکانی کردە یەکێتیی ئەورووپا و گوتی: "سەرنجی ئەوە بدەن، ئەورووپا بەرەو نەژادپەرستی دەڕوات. نەژادپەرستی واتا چی؟ ئەم جیاکاری و جوداخوازییە چییە؟ لە کوێی یەکێتیی ئەورووپا؟ دواتر نیگەران دەبن کە رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵیان تێکدەگیرێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە 'من وامدەزانی کە نازیزم تەواو بووە، بەڵام بەهەڵەدا چووم' و رایگەیاند: ''کە رووداوەکان دەستی پێکرد، ئاماژەم بەوەکرد کە ئەمانە فشارگەلێکی فاشیستین. ئەوەم گوت کە 'نازیزم دووبارە سەری هەڵداوەتەوە'. لەدوای ئەوەش رامگەیاند 'من وامدەزانی کە نازیزم تەواو بووە، بەڵام بەهەڵەدا چووم'. نەمزانی کە نازیزم لە خۆرئاوا هێشتا بەپێوەیە. ئەو بەڕێزانە ئەمەیان پێ ناخۆش بوو. ئێستا دەپرسم، ئەو عەقڵییەتەی شەوی رابردوو وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی حکوومەتی ئێمەی کە ژنێکە، لەگەڵ جێبەجێکاری کارەکانی باڵیۆزخانەکەمان و بەئۆتۆمبیلێکی دیپلۆماسییەوە، رێگریی کرد لەوەی بچێتە کۆنسوڵخانەکەمان، ئەمە بە چ شێوەیەک لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتییدا بۆ جیهان رووندەکاتەوە؟ ئایا بەو شێوەیە روونی دەکاتەوە کە 'خۆ ئێمە بانگێشتمان نەکردبوو'، ئەمە لە کوێوە هات؟ من ئەگەر هەموو شتێک و پاسپۆرتم پێبێت، دەتوانم بەهەر شێوەیەک بێت بۆ هەر وڵاتێک بمەوێت، بڕۆم. لە چوارچێوەی ئازادیی نێودەوڵەتیی گەشتکردنیشدا دەتوانم بڕۆم و وەک کەسایەتییەکی دیپلۆماسیش دەتوانم بڕۆم، ئەم نەریتە لە کوێوە هات؟ بەڵام ئەو کاتەی کە نازیزم و فاشیزم بوونی دەبێت، بەعەقڵییەتی ئەوەی کە 'ئەوەی کە من گوتم راستە، ئەوەی کە من کردم راستە، هەرکەسێک بمەوێت رێگەی دەدەم، ئەوەشی کە نەمویست رێگەی نادەم 'ئەوەندە زیادەڕەوی دەکەن کە دەرگای کۆنسوڵخانە دادەخەن، ئەوەندە زیادەڕەوی دەکەن کە نەهێڵن کۆنسوڵەکەمان بێتە دەرەوە لە باڵەخانەکە''.
- ''سوپاسی فەڕەنسا دەکەم''
سەرکۆماری تورکیا سوپاسی فەڕەنسای کرد و رایگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەم لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا بەتایبەت، لەم نێوەندەدا سوپاسی فەڕەنسا دەکەم کە نەچووە ناو ئەو یارییەوە، لەم قۆناغەدا ئەو برایانەم کە لەو وڵاتانەدا دەژین کە هەڵوێستیان گرتووە، با هەریەکەو دراوسێکەی خۆی بێنێتە تورکیا، تاکو میوانپەروەریی ببینن. لەو بڕوایەدام دەیبینن، هەموو میوانەکانمان میوانپەروەریی دەبینن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەکردەوە کە رووداوەکانی ماوەی هەفتەی رابردوو هیچ جێگەی سەرسووڕمان نەبوون و گوتی: "ئەو کارە ناشیرینەی لەم هەفتەی رابردوو لە ئەورووپا نیشان درا، بەلای ئێمەوە جێی سەرسووڕمان نەبوو کە بنەماکانی یاسا و رێساکانی دیپلۆماسی پێشێلکران. تەنها هێمای هەڵوێستی رێگرانە، بەرزبوونەوەی فاشیزم، رەگەزپەرستی، دژایەتی ئیسلامە. خوشک و براکانی خۆرئاوانشین رووی دەمم دەکەمە ئێوە، دەزانم ئێستا لەبەر تەلەڤیزیۆن دانیشتوون و سەیری ئێمە دەکەن. لەبیرتان نەچێت، خوا پشتیوان بێت ئەو رووداوە ناخۆشانە دەڕۆن و تێدەپەڕن. چونکە ئەو کارەی ئەوان کردوویانە خۆیان دووچاری دەبنەوە".
- ''بەهەموو شێوەیەک باجی ئەمە دەدەن''
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت فێربن دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیی چییە و رایگەیاند: "یەکێک دێت و دەڵێت 'تورکەکان ئێرە جێ دەهێڵن...' ئەوان ئەوێ جێناهێڵن ئیدی هاووڵاتیی ئەو وڵاتەن. ئەوە زیاتریش گەشە دەسەنێت و فراوانتر دەبێت. باجی ئەوە بەهەموو شێوەیەک دەدەن، فێری ئەوەش دەبن دیپلۆماسییەت و دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی چییە".
گوتیشی: ''تورکیا بەهێز دەبێت کە تورکیاش بەهێز بوو، ئەوانە دەپلیشێنەوە، داماو دەبن. ئەوەندەی دیکەش دەپلیشێنەوە و چەکەکانی خۆیان لێیان دەدات. ئەمانە زۆر درۆزنن. لە ئێستادا چەکی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمانەوە دێت، نەک لە جێگەیەکی دیکەوە. ئەوانە چەکی خۆرئاوایان بەدەستەوەیە و هەموویمان بە بەڵگە لەلایە، ئەوان درۆ دەکەن. دەڵێن 'هیچ شتێکی لەوجۆرە بوونی نییە'. فەرموون ئەوە بەڵگە و وێنەکان. رێکخراوە تیرۆریستییەکان بە جلوبەرگی ئەمانەوە دێن و دەچن. ئێوە دەتانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی کێ؟ ئێمە دەتانناسین''.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەکرد لە ژمارەیەک لە وڵاتان کەسانێک بەچەکەکانی دەستیانەوە، جوون بۆ راوکردنی پەنابەران و رایگەیاند: ''هەموو ئەو وێرانکارییە، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ماوەی 6 ساڵە بەردەوامە، بەداخەوە لەلایەن ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە بوودجەکەیان ملیارەها دۆلارە، تەنها تەماشا دەکرێت. ئازاری مناڵ و ژنە حەلەبییەکان کە بەدوای دکتۆردا دەگەڕان و دوایین هەناسەی ژیانیان دەدا، نەیتوانی دڵی رەقبووی ئەورووپا بهەژێنێت. ئەو خوشک و برا سوورییانەمان کە گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و خۆیان دا بەدەم شەپۆلەکان دەریاوە، بەداخەوە لەلایەن تەلە دڕکاوییەکان و دیوارە بەرزەکانی سەر سنوورەوە پیشوازییان لێکرا''.
- ''هەرچییەک بکەن ناتوانن خوێنی رابردوویان، زوڵم و شەرمی خۆیان پاک بکەنەوە''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەکردەوە جارێکی دیکە رۆژێک دێت کە فرت و فێڵەکانیان هەڵدەوەشێتەوە و رایگەیاند: "رۆژئاوا هەرچییەک بکەن ناتوانن خوێنی رابردوویان، زوڵم و شەرمی خۆیان پاک بکەنەوە. ئێمە لە سووریا، عێڕاق و یەمەن بەردەوام دەبین لە ئەرکی خۆمان بەرامبەر بەمرۆڤایەتی. ئێمە بەڕووی سوور و سەری بەرزەوە، بێ ئەوەی هیچ لەکەیەک بە مێژوومانەوە بێت بەرامبەریان، بەردەوام دەبیبن لە چوون بۆ ئەو ئەفریقایەی ئەوان لەرێگەی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەوە تێیدا یاددەکرێنەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

