Fatma Nur Candan
28 تشرینی یەکەم 2026•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2026
دوای سەرکەوتنی جەنگی ڕزگاریی نیشتمانیی، شەوی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ لەسەر ئەو ڕێگایەی کە خەباتی سەربەخۆیی گەلی تورکی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ شكۆدار کرد کە کۆمارە، بووە یەکێک لە وەرچەرخانە گرنگەکانی مێژوو.
ئەم بڕیارەی لە کاتی نانی ئێوارەدا لە کۆشکی چانکایا لە ئەنقەرە خرایەڕوو و داهاتووی تورکیای نەخشاند، ڕۆژی دواتر لە پەرلەمانی تورکیادا پەسەند کرا و، شێوازی فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی نوێی تورکیای بە فەڕمی دیاری کرد.
ڕێگای گەیشتن بە کۆمار لەو ساڵانەی خەباتی نیشتمانییدا هاته ئاراوه، کە بە گەیشتنی موستەفا کەمال ئەتاتورک لە ١٩ی ئایاری ١٩١٩ بۆ سامسون دەستیپێکرد.
ئەتاتورک لە کاتی کۆنگرەی ئەرزەڕۆمدا بە مەزهەر موفید کانسوی ڕاگەیاندبوو دوای سەرکەوتن شێوازی ئەو حکوومەتەی دادەمەزرێت کۆمار دەبێت. بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەو سەردەمەوە ئەم بیرۆکەیەی بۆ ماوەیەک ئاشکرا نەکرد.
لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٠دا بە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا، بناغەی فەرمانڕەوایەتییەکی نوێ کە لەسەر بنەمای سەروەریی گەل بنیات نرابوو، دانرا.
دوای ئەوەی لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣دا ڕێککەوتننامەی ئاشتیی لۆزان واژوو کرا و سەربەخۆیی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی ناسێندرا، لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا ڕاگەیاندنی ئەنقەرە وەک پایتەخت بووە هەنگاوێکی گرنگ لە پێکهاتەی سیاسیی و ئیداریی دەوڵەتە نوێیەکەدا.
بەڵام لە دوای ئەو سەرکەوتنانەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا بەدەستهاتن، پێویست بوو شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە نوێیە دامەزراوەکە بە ڕوونی دیاری بکرێت و پرسی سەرۆکایەتی دەوڵەتیش چارەسەر بکرێت.
لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣دا، قەیرانی سیاسیی کە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی دەستەی وەزیران و دانەمەزراندنی حکوومەتی نوێ سەریهەڵدا، پێویستی ڕێکخستنێکی نوێی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هێنایە ڕۆژەڤەوە.
کاتێک ڕۆژژمێرەکان گەیشتنە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣، ئەنقەرە ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە شاهیدی یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی مێژووی سیاسیی تورک.
موستەفا کەمال پاشا، ئەو ئێوارەیە هاوڕێ نزیکەکانی کارکردنی بۆ نانی ئێوارە لە کۆشکی چانکایا بانگهێشت کرد کە لەلایەن لەتیفە خاتوونهوه ئامادە کرابوو، چەندین کەسایەتی لەوانە عیسمەت پاشا، کازم پاشا، فەتحی بێی، کەمالەدین سامی پاشا، خالید پاشا، فوئاد بێی و ڕوشەن ئەشرەف بێی کۆبوونەوە.
لهو ئێواره خوانهدا موستەفا کەمال پاشا بڕیاری ڕاگەیاندنی کۆمار کە ماوەیەکی زۆر بوو لە هزر و بیری خۆیدا گەڵاڵەی کردبوو لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەشی کرد.
پاش ئێواره خوانهكه موستەفا کەمال پاشا لەگەڵ عیسمەت پاشادا پێشنیارەیاسای هەموارکردنی هەندێک لە ماددەکانی دەستووری ساڵی ١٩٢١یان ئامادە کرد. بەم شێوهیهش ئەو بڕیارەی لە کۆشکی چانکایا ئاشکرا کرا، بووە ئەو ڕێکخستنە دەستوورییەی ڕۆژی دواتر برایە بەردەم پەرلەمان.
ڕۆژی دوو شەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣، پەرلەمانی تورکیا بووە گۆڕەپانی گفتوگۆیەکی مێژوویی کە پەڕەیەکی نوێی لە ئاییندەی گەلی تورکدا هەڵدایەوە.
بەپێی بڵاوکراوە فەڕەنسییەکانی ئەو سەردەمە کە لە ئەرشیڤی ئاژانسی ئانادۆڵودا پارێزراون، پەرلەمان کاتژمێر ١٨:٠٠ کۆبووەوە و، ئەو پێشتیارەی لەلایەن کۆمسیۆنی دەستوورەوە ئامادە کرابوو و ڕاگەیاندنی کۆماری لەخۆدەگرت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی خرایە ناو کارنامەی پەرلەمانەوە.
لە کاتی گفتوگۆکاندا یونس نادی بێی هەڵسەنگاندنی لهبارهی پێویستی ڕاگەیاندنی کۆماری خستەڕوو، پەرلەمانتارانی دیکەش بۆچوونەکانی خۆیان دهربارهی شێوازی نوێی فەرمانڕەوایەتی دەربڕی.
دوای گفتوگۆكان هەموارکردن لە دەستووری ساڵی ١٩٢١دا کرا و بڕگەی "شێوازی حکوومەتی دەوڵەتی تورکیا کۆمارە" پەسەند کرا.
کاتێک کاتژمێر گەیشتە ٢٠:٣٠، بە دەنگی گشت ئەو ١٥٨ پەرلەمانتارەی بەشداریان لە دانیشتنەکەدا کردبوو، کۆمار ڕاگەیەندرا.