Buket Güven
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
وەزارەتى تەندروستیى توركيا بڵاویكردهوه، له ٢٤ كاتژمێری رابردوودا ههزار و ٥٩٦ كهسی دیکە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ٤٥ كهس گیانیان لهدهستداوە، كۆی گشتیی حاڵهتهكانی تووشبوون بۆ ٢٧٣ ههزار و ٣٠١ و كۆی گشتیی گیان لهدهستدان بۆ شهش ههزار و ٤٦٢ بهرزبووهتهوه.
"نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا" كە دوايين ئامارەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا له توركیا لەخۆدهگرێت لە رێگەى ماڵپەڕى "covid19.saglik.gov.tr" بڵاوكرايەوە.
بەپێی نەخشەكە، ئەمڕۆ ١٠٧ هەزار و ٩٢٧ پشكنينى ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) ئەنجامدراوە. دەرەنجام، هەزار و ٥٩٦ حاڵەتى نوێى تووشبوون بە ڤايرۆسهكه تۆماركراوە.
هەر بەپێی نەخشەکە، لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٤٥ تووشبوو گيانيان لەدەستداوە، ٩٤٧ نەخۆش چاكبوونەتەوە و كۆى گشتيى ئەو تووشبووانەى كە چارەسەريان تەواو بووە و نەخۆشخانەيان جێهێشتووە بۆ ٢٤٦ هەزار و ٨٧٦ بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەكان، كۆى گشتيى، حەوت مليۆن و ٣٥٥ هەزار و ٨٦٢ پشكنينى (COVID-19) ئەنجامدراون، كۆى گشتیی حاڵەتەكانى تووشبوون گەيشتووەتە ٢٧٣ هەزار و ٣٠١ حاڵهت و گيانلەدەستدانيش گەيشتووەتە شەش هەزار و ٤٦٢ حاڵهت.
ژمارەى ئەو نەخۆشانەى كە دۆخى تەندروستييان ناجێگيرە هەزار و ١٧ نەخۆشن و رێژەى هەوركردنى سييەكان لاى نەخۆشەكان لەسەدا ٧,٦ـە.
- "ژمارەى ئەو نەخۆشانەمان كە دۆخى تەندروستيان ناجێگيرە لە سەرووى هەزاردايە"
وەزيرى تەندروستیى توركيا، فەخرەددين كۆجا، لە هەژمارى تايبەتى خۆى لە تويتەر لە روونكردنەوەيەكيدا دەربارەى دوايين ئامارەكان، رايگەياند: "لەسەر پێشنيارى ئەنجوومەنى زانستيى كۆرۆنا و بەمەبەستى باشتر گەياندنى زانيارى لەسەر پەتاكە ئامارى رۆژانە و هەفتانەى پەتاكە بە وردەكارييەوە لە ماڵپەڕى http://covid19.saglik.gov.tr بڵاودەكرێتەوە. لێرەوە لەگەڵتان بەردەوام دەبم بۆ بڵاوكردنەوەى گرنگترين پێشهاتەكان. ئەمڕۆ ژمارە چالاكەكانمان ٦٤٩ حاڵەتى نوێ زياديكردووە. ژمارەى ئەو نەخۆشانەمان كە دۆخى تەندروستيان ناجێگيرە لە سەرووى هەزاردايە. دەبێت گيانلەدەستدان كەمبكەينەوە و خۆشەويستانمان بپارێزين. ئەمە، بە پابەندبوون دەكرێت. هێز لە پابەندبووندايە".