دۆحە
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ كوێتدا لەگەڵ هاووڵاتییە توركەكانی دانیشتووی كوێت كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە كرد كە هەڕەشە و مەترسی هەرە گەورە بۆ توركیا ئەو جیهادییە بیانییانەن كە بۆ چوونە نێو داعش لە نێو خاكی توركیادا هاتوچۆ دەكەن.
چاوشئۆغڵو لە بەرامبەر لێدوانەكانی سەرۆكی حزبوڵڵا حەسەن نەسروڵا كە گوتبووی توركیا یەكەم پاڵپشتیكاری داعشە، گوتی: "نەسروڵڵا لە بەر ئەوەی پشتگیری لە تیرۆریزمی رژیمی ئەسەد دەكات شتی وا دەڵێت و تا ئەمڕۆ پێكەوە زیاتر لە 200 هەزار كەسیان كوشتووە، چەكی كیماوییان بەكار هێنا و بە بەرمیلی بۆمبڕێژكراو هێرشی سەر خەڵكیان كرد و ژن و منداڵەكانیان بە برسی هێشتنەوە كوشت. كە رژیمی ئەسەد ئەم تاوانانەی ئەنجامدەدا تاقە لایەنێك كە زۆر بە باشی پشتگیری لە ئەسەد دەكرد حزبوڵڵا بوو، هەر شتێك روون و ئاشكرایە، ئێمە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغاندا سیاسەت دەكەین بۆیە ناچارین هەمیشە راستییەكان بڵێن".
چاوشئۆغڵو گوتی: "بۆ توركیا هیچ جیاوازییەك لە نێوان رژیمی ئەسەد و داعشدا نییە، داعش هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر توركیا و پێش هەر كەس داعش بۆ سەر توركیا هەڕەشەیە و ئێمە دەبینین كە چەندە رێكخراوێكی تیرۆریستییە و چۆن بە شێوەیەكی زاڵمانە خەڵك دەكوژێت، ئێمە پێمان وایە لە شەڕی دژی داعشدا تەنیا هێرشی ئاسمانی تێر ناكات بەڵكو پێویستە ئۆپەڕاسیۆنێكی بەرفراوانی زەمینیش ئەنجام بدرێت و ئەوە توركیایە كە دەڵێ پێویستە زۆر بە جدی شەڕی دژی داعش بكەین بەڵام لە بەرامبەردا چەند كەس و لایەنێك تۆمەت دەخەنە پاڵ توركیا و دەڵێن توركیا پشتگیری لە داعش دەكات، توركیا وڵاتێكە كە 30 تا 40 ساڵە بەدەست رێكخراوێكی تیرۆریستییەوە ئێشی كێشاوە بۆیە بۆ ئێمە تیرۆر باش و خراپی نییە".
چاوشئۆغڵو گوتی: "هیچ ئەندامێكی چالاكی داعش لە توركیادا نییە بەڵام بە پێی زانیارییەكانمان چەند كەس و لایەنێك هەن كە ئاسانكاری بۆ كەسانی دیكە دەكەن كە بچنە نێو داعشەوە بە تایبەت لە نێو ئاوارە سوورییەكاندا و لەسەر ئاستی ناوخۆیی سووریایش لە رێگای ئینتێرنێتەوە ئاسانكارییان بۆ دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستە توركیا رێوەشوێنی جدی ئەمنی گرتووتە بەر و هەنووكە 500 تا 700 هاووڵاتی توركیش چوونە نێو رێزەكانی تیرۆریستانەوە بەڵام گەورەترین هەڕەشە بۆ توركیا ئەو جیهادییە بیانییانەن كە دەیانەوێ بۆ چوونە نێو داعشەوە لە سەر خاكی توركیا هاتوچۆ بكەن".