بەغدا
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز كە بە سەردانێكی فەرمی لە بەغدایە، دوای 17مین كۆبوونەوەی هاوبەشی كۆمیتەی هاوبەشی ئابوریی نێوان عێراق و توركیا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانی هاوبهشتی ئهنجامدا.
یڵدز لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر سەردانی بۆ بەغدا دەربڕی و گوتی: "لە كۆبوونەوەی كۆمیسۆنی هاوبەشی ئابووریدا چەندین بابەتی گرنگی وهكو ئابووری، سیاسی، بازرگانی و رێگەخۆشكردن بۆ كارسازەكانمان گفتوگۆ كرد. دوای سەردانە دوو قۆڵییەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیا و عێراق، ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە زۆر گرنگە و هەوڵ بۆ گەیشتن بەو ئاستە دەدەین كە لە گەڵ عێراقدا باشتر لە یەكتر تێ بگەین. لە شەڕی دژی داعش توركیا لەگەڵ عێراقدایە و توركیا ئامادەیە هەر جۆرە هاوكارییەك پێشكەشی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكات".
یڵدز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "توركیا یەك لەو وڵاتانەیە كە زۆرترین هاوكاری مرۆیی پێشكەشی عێراق كردووە و لەو چوارچێوەیەدا نزیكەی 700 بارهەڵگری هاوكاری مرۆیی لە توركیاوە روانەی عێراق كراوە و بەردەوام دەبین لە ناردنی هاوكارییەكان و لە سێ كەمپی جیاوازدا خزمەتی 40 هەزار ئاوارەی عێراقی دەكەین. دوای دەركەوتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، توركیا رێ و شوێنە ئەمنییەكانی لەسەر سنورەكانی لەگەڵ عێراق و سوریا زیاتر كردووە و لەو چوارچێوەیەدا رێگری لە هاتنی 700 كەس بۆ توركیا كراوە و نزیكەی هەزار و 100 كەسی دیكەیش لە توركیا دەركران. پێویستە لە دژی تیرۆر زمانی هاوبەشی جیهان هەبێت، لەگەڵ جەعفەریشدا باسی ئەو بابەتەمان كرد، ساڵانێكە لە ناوچەكەدا لە عێراق و سوریا بە هەزاران كەس كوژران ئەو ناڕەزایەتییەی كە لە بەرامبەر ئەو كوشت و كوشتارەی چەند ساڵەی رابردوو لە ناوچەكەدا نیشان دراوە، بە ئەوەندەی ئەو ناڕەزایەتییە نییە كە حەفتەی رابردوو لە پاریس ئهندامدرا. بەهەزاران ژن و منداڵ لە سوریا كوژران، لە عێراق ژمارەیەكی زۆر خەڵك كوژرا، هەر هەمان رۆژ بۆكۆ حەرام لە نێجیریا دوو هەزار كەسی كوشت، لە ناوچەكەدا رۆژانە 50 تا 100 كەس دەكوژرێن و هیچ رۆژنامەیەك باسیان لێوە ناكات".
وهزیری وزه و سهرچاوه سرووشتییهكانی توركیا لە بارەی دابەزینی نرخی نەوت گوتی: "دابەزینی نرخی نەوت بۆ عێراق زەرەری هەیە و بۆ توركیایش دەرفەتە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش دەدەین، توركیا رێز لە هەموو مادەكانی دەستووری بنەڕەتی عێراق دەگرێت، نەوتی عێراق هی هەمووی عێراقە، توركیا لە بەرامبەر رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لە بارەی نەوتەوە زۆر خۆشحاڵە و بەردەوامی ئەو برایەتییە نەك تەنیا بۆ عێراق، بەڵكو دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ناوچەكە. كۆبوونەوەی نیازپاكی ئاو كە لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی هەردوو وڵاتدا ئەنجام دراوە، كاریگەری لەسەر كۆبوونەوەی كۆمیتەی هاوكاری ئابووریی هەردوولا ههبووه و ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزتر كردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان عێراق و توركیا".
یڵدز لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەو هەزار و 100 كەسە لە لایەن توركیاوە دەركراون هی كامە وڵات بوونە؟ گوتی: " ئهوانه خهڵكی چەندین وڵاتی جیاجیان".
لە بارەی هاوكاری سەربازی توركیا بۆ عێراقیش گوتی: "یەك لەو وڵاتانەی كە لە نێو پرسەكەدایە و هەزار و 200 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ داعشدا هەیە، توركیایە، 49 هاووڵاتی تورك لە لایەن داعشەوە رفێنران و هیچ وڵاتێكیش ئەو ئێشەی لە جیاتی توركیا نەكێشاوە، توركیا لەسەر سنورەكانی لەگەڵ سوریا و عێراق رێ و شوێنی توندتری ئەمنی گرتووهتە بەر هەموو ئەوانە لەو شوێنە كران كە یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس لە وڵاتی خۆی باریكردووە، وڵاتانی رۆژئاوایی كە بەشان و باڵی خۆیاندا ههڵدهدهن، لە رووی هاوكاری كردنی ئاوارەكانەوە تەنیا 40 ملیۆن دۆلار هاوكارییان پێشكهش كردووە، بەڵام توركیا بە تەنیا 5 ملیار دۆلار هاوكاری پێشكهش كردووە و لە چوارچێوەی هەستی برایەتیدا زیاتر لە 700 بارهەڵگر هاوكاری مرۆییمان روانە كرد و ئەوانەی كە هاوكاری مرۆیی و سەربازی بۆ عێراق دەگوازنەوە كارئاسانییان بۆ دەكەین. وەكو وڵاتانی دیكە لە رووی راهێنان و پەروەردەوە هاوكاری هێزی پێشمەرگە دەكەین و ئەگەر حكومەتی ناوەندیش داوا بكات ئەوا ئامادەین هاوكاری هێزەكانی حكومەتی ناوەندیش بكەین. نیگەرانی و خۆشحاڵی دەراوسێكان نیگەرانی و خۆشحاڵی ئێمەیە، ئەمە بۆ هەموو دەراوسێكانمان بەو جۆرەیە".
یڵدز له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "تیرۆر بە ههر پاساوێك بێت و لە لایەن كێوە بێت، قابیلی قبووڵ نییە، هێرشەبەرەكان جیا ناكەینەوە، شوێنیان دیارە و تا كۆتایی شەڕی تیرۆر دەكەین، ئەمە لە كاتێكدایە كە توركیا یەك لەو وڵاتانەیە كە زۆرترین زیانی لهلایهن تیرۆرهوه پێگهیهنراوه. توركیا یەك لەو وڵاتانەیە كە بە باشی لە شەڕی دژی تیرۆر تێدەگات، هەر چەند بە هۆی تیرۆری پەكەكەوە بە هەزاران كەس گیانیان لەدەست داوە، بەڵام هێشتا چەند وڵاتێك گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكەن ئایا پەكەكە تیرۆریستە یان نا، ئێمە ئەو وڵاتانەش باش دەناسین".
لهبارهی ناردنی نهوهتی عێراقیش بۆ بازاڕهكانی جیهان گوتی: "لە عێراقەوە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەگاتە بەندەری جەیهانی توركیا و توركیاش بە شێوەیەكی شەفاف كاری گواستنەوەی ئەو نەوتە بۆ بازاڕە جیهانییەكان جێبەجێ دەكات و كۆمپانیای سۆمۆش لە ئامار و داتاكان ئاگادار دەكاتەوە".
لای خۆیهوه وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی چەندین پرس و بابەتی گرنگ و هەستیاری تایبەت بە توركیا و عێراق كراوە و بۆ بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق ئەو كۆبوونەوەیە زۆر گرنگە و لە بوارەكانی بازرگانی، خزمەت، ئەمنیەت، كارەبا و ژێرخاندا چەندین ئیمزا كراون و پیوەندییە بەهێزەكانی نێوانمان دەبنە هۆی بەهێزتر كردنی پێگەی هەردوو وڵات لە ناوچەكە و جیهاندا. ئێمه ههردوو وڵات نرخی هاوبەشی جۆگرافی و مێژووییمان هەیە".
جەعفەری جەختی لەوە كردوە كە كۆبوونەوەی كۆمیتەی هاوبەشی ئابووریی بە هۆی سەردانە دوو قۆڵییەكانەوە ئەنجامدراوە و لەمەودوا پەیوەندییە سیاسییەكان كە لەسەر بنەمای متمانە كردن بە یەكتر بەرەو پێشەوە دەچن، لەسەر بنەمایەكی باشتر و بازنەیەكی راست تردا دەبن.
جەعفەری ههروهها گوتی: "شەڕی سێیەمی جیهانی لە دژی داعش دەستی پێكرد و لەوشەڕەدا وەكو وڵاتانی دیكە توركیایش لە پاڵ عێراقە، لەگەڵ تانەر یڵدز باسی پرسە ئەمنییەكانیشمان كرد، ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە تەنیا بۆ عێراق و توركیا مەترسی نییە، بەڵكو بۆ سەر هەموو جیهان مەترسییە".
news_share_descriptionsubscription_contact



