Abdullah Shukur
01 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی رایگەیاند کە ژیان لە عەفرین ئاسایی بووەتەوە و سوپای تورکیا تاماوەیەکی دیکە لەو شوێنە دەمێنێتەوە، گوتیشی: "تیرۆرمان لەناوبرد و عەفرین بۆ عەفرینییەکان جێدەھێڵین".
ئاکسۆی لە میانی پرۆگرامێکی پەیوەندیدار بە عەفرین کە تیایدا رۆژنامەنووسە بیانییەکان بۆ ئەو شوێنە داوەت کرابوون، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لێدوانی پێشکەش بە کەناڵی تەرەتە خەبەری تورکیا کرد.
ئاکسۆی رایگەیاند کە ٣٢ نوێنەری راگەیاندنی ١٦ وڵاتی جیھانیان ھێناوەتە عەفرین و ئاشکراشی کرد کە ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ ٥٠ رۆژنامەنووس لە دەرگای سنووری ئۆنجوپنار کۆبووەتەوە.
ئاکسۆی گوتی: "ئەمڕۆ ئێوەش لێرەن و دەبینن. ژیان ئاسایی بووەتەوە. ئافرەتان لەگەڵ منداڵەکانیان بازاڕی دەکەن. لێرەدا عەفرینێکی رووخاومان نەدیت".
ئاکسۆی گوتیشی: "ھەروەکو دەزانن ماوەیەک پێش ئێستا عەفرینییەکان بۆخۆیان ئەنجوومەنێکیان پێکھێنا، کە کورد و تورکمان و عەرەبیشی تیادایە. ھەنگاو بە ھەنگاو پێکھاتەی ئاسایش و سەربازیی رادەستی ئەوان دەکرێتەوە. تورکیا تا ماوەیەکی دیکە لەو شوێنە دەمێنێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی جەختیشی لەوە کردەوە کە زیاتر لە ١٤٠ ھەزار کەس گەڕاوەتە عەفرین و ئەمەش گەورەترین بەڵگەی ئاسایبوونەوەی ژیانە لەو شوێنە.