Abdullah Shukur
01 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
تورکیا بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەی کرد کە ئەمڕۆ بەیانی کۆگایەکی پاراستنی سندووقەکانی دەنگدانی لە شاری کەرکووک کردە ئامانج.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، تورکیا نیگەرانە بە ئەنجامدانی ھێرشێکی تیرۆریستی بە ئۆتۆمبێڵێکی بۆمبرێژکراو بۆ سەر کۆگایەکی پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان لە شاری کەرکووک، کە لەو ھێرشەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و ٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین، سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی ئەو برا عێراقییە دەکەین کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین. چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بەرپرسانی عێراق بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆیەکانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک بە ئەنجام بگەیەنێت و رێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی پارێزگاکە بگرێتەبەر".
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری کەرکووک تەقینەوەیەک ئەو کۆگایەی کردە ئامانج کە سندوقەکانی دەنگدانی تیادا ھەڵگیراوە.
پێشتریش بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک، ئەفراسیاو کامیل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد، تەقینەوەیەک کۆگای ھەڵگرتنی سندوقەکان کە دەنگەکانی ھەڵبژاردنی گشتیی ١٢ی ئایاری تیادا ھەڵگیراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی بەغدا، کردووەتە ئامانج.
ئەفراسیاو کامیل باسی لەوەکرد کە تەقینەوەکە لە لایەن خۆکوژێکەوە ئەنجامدراوە و بە ھۆی ئەوەش کە ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکە لە دەروازەی کۆگاکەدا تەقیوەتەوە، ١٩ کەس برینداربوون کە چواریان ھاووڵاتیی مەدەنی و ١٥یان سەربە ھێزە ئەمنییەکانن.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک، ئەفراسیاو کامیل ھەروەھا ئاشکرایکرد ١٠ ئۆتۆمبیل کە پارک کرابوون، بە ھۆی تەقینەوەکەوە سووتاون و گوتی: "ئامانجی پەلامارەکە سندوقەکانی دەنگدان بوو، بەڵام ھیچ زیانێک بە سندوقەکان نەگەیشتووە".
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک باسی لەوەشکرد کە شەوی رابردوو دوو تەقینەوەی دیکە ناوچە جیاجیاکانی کەرکووک-یان کردووەتە ئامانج و ھیچ زیانێکی گیانییان بەدواوە نەبووە.