دەئاگو
وەزیری ووزە و سەرچاوە سرۆشتییەکانی تورکیا (تانەر یڵدێز) رایگەیاند: تورکیا ئامادەیە لە بواری دۆزینەوە، بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی گازی سروشتی عێراق کار بکات.
یڵدێز لە بارەی ھەر جۆرە پێشنیارێکی ئێران لە بواری گازی سروشتیدا گوتی" بۆ بەدەستھێنانی بڕێکی زۆرتر لە گازی سرۆشتی، تورکیا دەرگاکانی خۆی بۆ ھەر جۆرە پێشنیارێک کردۆتەوە.
تانەر یڵدێز کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ٢٢مین کۆنگرەی جیھانی ووزە لە کوریای باشوورە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
یڵدێز لە بارەی لێدوانەکانی سەرۆکی رێکخراوی دابەشکردنی کارەبا (نیھاد ئۆزدەمیر) سەبارەت بە دامەزراندنی سێ ناوەندی وەبەرھێنانی کارەبا لە لایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە گوتی" ئەو جۆرە لێدوانانە راست و لە جێ خۆیاندان."
وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند: لە تورکیا تەندەری ١٠ ملیار مەتر سێ جای گازی سروشتی بەسەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا دابەشکراوە و گوتی" ئەو کۆمپانیایانەی ماوەی تەندەرەکانیان بەکۆتا ھاتووە، دەتوانن درێژە بە کاری خۆیان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری چوار ملیار سێ جا گازی سرۆشتیمان ئاراستەی روسیا کردووە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەرھێنانی و ھەناردە کردنی گازی سرۆشتی لە ئێران و عێراق، تانەر یڵدێز رایگەیاند: تورکیا لە بواری وەبەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت و گاز لە ئێران چالاکە و لەمەودوا تورکیا چالاکانەتر لەو بوارانەدا لە ئێران کار دەکات. تورکیا لە ئێستادا ساڵانە نزیکەی پێنج ملیۆن تەن گازی سرۆشتی لە ئێران ھاوردە دەکات و بە ھۆی مەترسییەکانی سەر گواستنەوەی ئەو گازە بۆ تورکیا، ئەو رێژەیە زیاد و کەم ناکرێت.
یەڵدێز ئاماژەی بەوە دا کە لە بەرامبەر ئێران، تورکیا پابەندی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە، بێگومان ھەموو لایەک دەزانێ ھاوپەیمانی ئێمە چ جۆرە بڕیارێک دەدات، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەبێ لە پەیداویستییەکانی تورکیایش تێ بگات، چونکە تورکیا وڵاتێک نییە لەسەر ئامار و ژمارەکانی ١٠ ساڵی رابردوو وەستابێت.
یڵدێز گوتی" لە جیاتی ئابوورییەکی ئابلووقە کراو، پێویستیمان بە ئابوورییەکی ئازاد ھەیە و بیرکردنەوە لە پەیداویستی ھاووڵاتییان و دابینکردنی ئەو پەیداویستییانە، ئەرکی ئێمەیە."
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی بواری ھاوردەکردنی گازی سروشتی لە ئێران و عێراق یڵدز گوتی" رەنگە تورکیا پێشنیار و داواکاری جیاجیای بۆ گازی سروشتی و بەرھەمە نەوتییەکانی عێراق ھەبێ."
یڵدێز رایگەیاند: عێراق وەکو برا و وەکو وڵاتێکی دەراوسێ، یەکێکە لە وڵاتە ھەرە گەورەکانی دابینکردنی نەوت و تورکیا بەشێکی زۆری پەیداویستییە نەوتییەکانی خۆی لەو وڵاتە دابین دەکات و تورکیا یەکێ لە کڕیارانی گازی سرۆشتی عێراقە.